پەرەگراف- وەزارەتی دارایی عێراق هەوڵەکانی چڕدەکاتەوە بۆ زیادکردنی داهاتی وڵات لەکاتێکدا بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوت کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتە لە گەرووی هورمزەوە عێراق تووشی دۆخێکی سەختی کەمبوونەوەی داهات بووە، لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتەکە ٦ پڕۆژەیاسای ئامادەکردووە کە دەست پەرەگراف کەوتوون.
بەپێی ناوەڕۆکەکانیان، پڕۆژەیاساکان ئامانجیان زیادکردنی داهاتی دەوڵەت، ڕاکێشانی وەبەرهێنان، کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان و هەمەجۆرکردنی ئابوورییە، لە کاتێکدا بەغداد هەوڵدەدات پشتبەستن بە داهاتی نەوت کەم بکاتەوە.
وەزیری دارایی هەفتەی ڕابردوو پڕۆژەیاساکانی داوەتە لیژنەی دارایی پەرلەمان کە بیکەن بە پێشنیاری یاساو پێشکەشی پەرلەمانی بکەن بۆ گفتوگۆو پەسەندکردنیان.
دیلان غەفور، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە پەرەگرافی ڕاگەیاند، عێراق زیانی زۆری لە داهات بەرکەوتووە بەهۆی پەککەوتنی هەناردەی نەوت، ئەمەش حکومەتی هانداوە کە ڕێکاری جددی بگرێتەبەر بۆ زیادکردنی داهاتی نانەوتی.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، پەرلەمان پشتیوانی لەو پڕۆژەیاسا پێشنیارکراوانە دەکات و دوای گەیشتنیان بە وردی دیراسەی هەر یەکێکیان دەکات، هاوکات بەردەوام دەبن لە پشتیوانی حکومەت و هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی زۆر بە داهاتی نەوت لە ڕێگەی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتەوە.
شەش پڕۆژەیاساکە
ئەو شەش پڕۆژەیاسایە کە دەست پەرەگراف کەوتوون ئەمانە لەخۆدەگرێت:
١. پڕۆژەی فرەچالاکی لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان:
ئەم یاسایە ڕێگە دەدات پڕۆژەی پیشەسازی، بازرگانی، نیشتەجێبوون، پەروەردەیی، کشتوکاڵی، پیشەسازی خۆراک و خزمەتگوزاری لەسەر ئەو زەوییە کشتوکاڵییانە دروست بکرێن کە بۆ چاندن گونجاو نین و بەشە ئاوی پەسەندکراویان هەیە. پڕۆژەکان پێویستیان بە ڕەزامەندی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ، سەرچاوە ئاوییەکان و ژینگە دەبێت.
٢. هەمواری سێیەمی یاسای وەبەرهێنان:
پێشنیارەکە پێداچوونەوە بە نرخی زەوی دەکات بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی نیشتەجێبوون. زەوییەکانی ناو نەخشەی بنەڕەتی (ماستەرپلان) بەردەوام دەبن لە تەرخانکردن بە نرخێکی ڕەمزی، بەڵام پڕۆژەکانی دەرەوەی نەخشە دەبێت ٥٠٪ی نرخی بازاڕ بدەن، ئەمەش داهات بۆ حکومەت زیاد دەکات.
٣. یاسای قەرز، بەخشین و هاوکارییەکان (٢٠٢٦):
ئەم پڕۆژەیە ڕێسای نوێ بۆ ڕێکخستنی قەرزە دەرەکییەکان، بەخشینەکان، هاوکارییەکان و گرەنتییە سەروەرییەکان دادەنێت. هەروەها چۆنیەتی بەڕێوەبردنی بەخشین و دیارییە بیانییەکان ڕێکدەخات.
٤. یاسای دامەزراندنی کەسوکاری ئەوانەی زەوی کشتوکاڵی دەبەخشن:
ئەم پێشنیارە هانی هاووڵاتیان دەدات زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بۆ پڕۆژە گشتییەکان ببەخشن؛ لە بەرامبەردا، دوای ئەوەی خاوەندارێتی زەوییەکە بۆ دەوڵەت دەگوازرێتەوە، دوو هەلی دامەزراندنی حکومی بۆ خێزانی بەخشەرەکە دابین دەکرێت.
٥. فرۆشتنی پشکی دەوڵەت لە زەوی بەوانەی مافی بەکارهێنانیان (حق التصرف) هەیە:
یاساکە ڕێگە بەو کەسانە دەدات کە بە شێوەیەکی یاسایی مافی بەکارهێنانی زەوییەکی دەوڵەتییان هەیە، پشکی خاوەندارێتی حکومەت بکڕنەوە بەپێی میکانیزمێکی ڕێکخراوی نرخاندن و پارەدان. ئەم ڕێکارە کێشە کۆنەکانی خاوەندارێتی زەوی چارەسەر دەکات و داهاتیش بۆ دەوڵەت کۆدەکاتەوە.
٦. یاسای مۆڵەتی پێنج ساڵی بۆ فەرمانبەران:
ئەم پێشنیارە ڕێگە بەو فەرمانبەرە هەمیشەییانەی دەوڵەت دەدات کە مەرجەکانیان تێدایە، مۆڵەتی بێ مووچە یان مۆڵەت بە مووچەی بنەڕەتی بۆ ماوەی پێنج ساڵ وەربگرن، لەو ماوەیەشدا ڕێگەیان پێدەدرێت لە کەرتی تایبەتدا کار بکەن. ئامانج لەمە کەمکردنەوەی خەرجیی مووچە، چارەسەرکردنی تێپەڕبوونی میلاکات و هاندانی کارکردنە لە کەرتی تایبەت.
ئەم شەش پڕۆژەیاسایە پێکەوە نوێنەرایەتی یەکێک لە گشتگیرترین پاکێجەکانی چاکسازی ئابووری حکومەتی عێراق دەکەن لە ساڵانی دواییدا. پێشنیارەکان هەوڵدەدەن بۆ هاندانی وەبەرهێنان، بەهێزکردنی دارایی گشتی، باشترکردنی بەڕێوەبردنی زەوی، هاندانی گەشەپێدانی ژێرخان و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی حکومەت لە دەرەوەی نەوت.