ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى دەستبەسەرداگرتنى ٣٧٥ کیلۆگرام زێڕى لە دۆسیەی جومەیلى ‏ڕاگەیاند

13-07-2026 09:32

پەرەگراف - ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق دەستبەسەرداگرتن و گەڕاندنەوەی "٣٧٥ ‏کیلۆگرام" زێڕى لە دۆسیەی عەدنان جومەیلى، بریکاری وەزارەتی نەوت ڕاگەیاند. ‏

ئەنجوومەنەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا لە زارى دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای تاوانەکانی ناوەندی بۆ ‏بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، دەڵێت "بڕی ٣٥٨ کیلۆگرام لەو زێڕە، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی ‏کوردستان و لەژێر سەرپەرشتیی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریدا گەڕێندراوەتەوە". ‏

هەروەها ڕاگەیەندراوە کە ١٧ کیلۆگرام زێڕەکەى دیکە لە دۆسیەیەکی تری لێکۆڵینەوەدا ‏دەستی بەسەردا گیراوە و دەڵێت "بەمەش کۆی گشتیی ئەو زێڕەی کە تا ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ‏‏١٣-٠٧-٢٠٢٦ دەستی بەسەردا گیراوە، گەیشتووەتە ٣٧٥ کیلۆگرام". ‏

ئاماژە بەوە کراوە کە زێڕە دەستبەسەرداگیراوەکە ڕادەستی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ‏دەرکردن و گەنجینە لە بانکی ناوەندی و یاریدەدەرەکەی کراوە. ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو ‏هەوڵانەدایە کە بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی تۆمەتباری دەستبەسەرکراو (عەدنان ‏جومەیلی)، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، دەدرێن. ‏