وەزارەتى دارایى هەرێم گەیشتنى زیاتر لە ٨٤١ ملیار دینارى بۆ ‏مووچەى مانگى شەش ڕاگەیاند

13-07-2026 03:44

پەرەگراف - وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان گەیشتنى زیاتر لە ٨٤١ ملیار دینارى بۆ ‏مووچەى مانگى شەش ڕاگەیاند و دەڵێت "لە نزیکترین کاتدا دەست بەدابەشکردنی مووچە ‏دەکرێت". ‏

وەزارەتەکە ئاماژەى بەوە کردووە کە "وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی ١٢٠ ملیار دیناری وەک پشکی ‏گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی حوزەیران لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە، ‏ئەمە سەرەڕای ئەوەی بڕی زیاتر لە سێ ملیار و ٣٢٦ ملیۆن دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی ‏حوزەیران نەناردووە، کە مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازییە". ‏

دەقى ڕاگەیەندراوى وەزاەتى دارایى: ‏

تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.

کەمێک لەمەوبەر بڕی (٨٤١,١٦١,٠٠٠,٠٠٠) بڕی هەشت سەدو چل و یەک ملیارو سەدو ‏شەست و یەک ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و ‏مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی ‏کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

هاوشێوەی مانگی ڕابردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی (١٢٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠) سەدو بیست ‏ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی حوزەیران لە کۆی ‏تەمویلی مووچە بڕیوە.
ئەوە سەرەڕای ئەوەی بڕی (٣,٣٢٦,٩٣١,٠٠٠) سێ ملیارو سێ سەدو بیست و شەش ملیۆن و ‏نۆسەدو سی و یەک هەزار دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیران نەناردووە کە بریتییە لە ‏شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.

تێبینی؛ دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ‏ناوەندی عێراق ڕاستەوخۆ لیستی مووچە بڵاو دەکرێتەوەو لە نزیکترین کاتدا دەست بەدابەشکردنی ‏مووچەی مانگی حوزەیران دەکرێت.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
١٣ ی تەمووزی ٢٠٢٦‏