ئەمەریكا هاوكارییە داراییەكانی پێشمەرگە زیاتر لە نیوە كەمدەكاتەوە

04-04-2019 09:32
مووشەكباران پێگەكانی داعش لەلایەن پێشمەرگەوە/ 2015. وێنە؛ پەرەگراف.


پەرەگراف

لە بودجەی پێشنیاركراوی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا بۆ ساڵی داهاتوو، هاوكارییەكانی پێشمەرگە لە 290 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 126 ملیۆن كەمكراوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوە دێت كە لە بودجەی ئەمساڵی عێراقدا بەشی تایبەت بە پێشمەرگە تەرخانكراوە.

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا(پنتاگۆن) ڕەشنووسی بودجەی ساڵی 2020ی وەزارەتەكەی ئامادەكردووەو بەپێی ڕەشنووسەكە ئەمەریكا بەردەوام دەبێت لە پێدانی هاوكاریی دارایی بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان، بەڵام بڕەكەی بە بەراود بە ساڵی ڕابردوو كەمی كردووە.

لە ڕەشنووسی بودجەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە كە هاوكارییە داراییەكان بۆ 12 لیوای پێشمەرگە دەبێت كە مووچە و پێداویستی خواردن و سوتەمەنی لە خۆدەگرێت، بڕەكەشی 126 ملیۆن دۆلار دەبێت.

ئەوەش لە كاتێكدایە لە سێ ساڵی ڕابردوودا ئەمەریكا ساڵانە 290 ملیۆن دۆلاری وەك هاوكاریی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە تەرخان دەكرد، ئەوەش وەك پاڵپشتییەكی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعشدا.

بڕیاری هاوكاریی دارایی پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریكاوە دوای ئەوە هات، ڕۆژی 13-7-2016 بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان، لەلایەن كەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت و ئەلیسا سلۆتكین، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمەریكا، پرۆتۆكۆڵی سەربازیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا واژۆكرا.

بەپێی پرۆتۆكۆڵەكە، ئەمەریكا هاوكاریی سەربازیی و دارایی پێشكەشی هێزەكانی پێشمەرگە دەكات، ئەوەش یەكەمجارە پرۆتۆكۆڵێكی هاوشێوە بەشێوەیەكی فەرمی واژۆ كرابێت و كاری پێبكرێت لەنێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستاندا.

ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمەریكی بڵاویكردوەتەوە، كەمكردنەوەی هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ پێشمەرگە دوای ئەوەدێت كە لە بودجەی ئەمساڵی عێراقدا بەشی تایبەت بە پێشمەرگە تەرخانكراوە و سەرجەم مووچەی پێشمەرگە لەلایەن بەغداوە دابیندەكرێت، ئەوەش یەكەمین جارە لە یاسای بودجەی عێراقدا مووچەی پێشمەرگە جیابكرێتەوە.

ڕیبیكا ڕیباریچ وتەبێژی پنتاگۆن بە ئەلمۆنیتەری ڕاگەیاندووە كە پێشمەرگە وەك "هاوبەشێكی سەرەكیی ئەمەریكا دەمێنێتەوە بۆ بەردەوامیدان بە شكستی داعش." هەروەها دەڵێت"خۆشحاڵین كە دەبینین لە بودجەی ساڵی 2019ی عێراق پارە بۆ مووچەی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەرخانكراوە."

لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی داعش‌و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕێكخراوە لەلایەن پێشمەرگەوە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا بەردەوام هاوكاریی هێزەكانی پێشمەرگەیان كردووە لە ڕووی پێداویستی سەربازیی و لۆجستی، بەڵام تەنها وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا هاوكاریی دارایی ڕاستەوخۆی پێشمەرگەی كردووە.