پەرەگراف- پیت هێگسس وەزیری جەنگی ئەمەریکا لەگەڵ عەلی زەیدی کۆبوەوەو داوا چەککردنی میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران دەکات و ئاماژە بە ڕۆڵی پێشمەرگە دەکات لە سەرکردایەتی ڕوبەڕوبوونەوەی داعش دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکاو کشانەوەیان.
هێگسس لە تۆڕی ئیکس نووسیویەتی، پێشوازیی لە سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی کردووە بۆ قووڵکردنەوەی هاوبەشییەکانی نێوان هەردوو وڵات، دەڵێت "دەبێت عێراق سەروەریی خۆی بسەلمێنێت و میلیشیاکانی سەر بە ئێران چەک بکات کە بەرپرسیار بوون لە زیاتر لە 600 هێرش بۆ سەر کارمەندانی ئەمریکا لە بەهاری ئەمساڵدا."
وەزیری جەنگی ئەمەریکا دەشڵێت، وڵاتەکەی چاوی لە هێزە ئەمنییەکانی عێراقە لەناویاندا پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کە سەرکردایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دژە داعش بکەن لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا.
هەروەها دەڵێت: "عێراقێکی ئارام دەرگا بەڕووی هاوکارییەکی بەهێزی بازرگانی و بەرگریدا دەکاتەوە."
ئەو وتانەی وەزیری جەنگ دوای ئەوەهات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی میوانداریی عەلی زەیدی کردو کۆبوونەوە، هەردوولا کۆبوونەوەکەیان وەک قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق وەسف کرد کە چەقی و پانتاییەکەی هاوکاری ئابووری، وەبەرهێنان لە کەرتی وزە و سەروەریی عێراق دەبێت.
لە کاتی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ترەمپ، زەیدی وتی کە هێزەکانی ئەمەریکا تا 30ی ئەیلوول کشانەوەیان لە عێراق تەواو دەکەن، لە کاتێکدا کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لەڕێگەی وەبەرهێنان و هاوبەشی ئابوورییەوە ئامادەیی خۆیان فراوانتر دەکەن.
هەرلەسەر هەمان پرس، ترەمپ وتی، چیتر بڕوای وایە کە بەردەوامیی ئامادەیی سەربازیی ئەمەریکا لە عێراق پێویست نابێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە عێراق توانای زیاتری پەیدا کردووە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆی و لاوازبوونی هەژموونی ئێران دەرفەتی نوێی بۆ هاوکاری ئابووری لە نێوان بەغداد و واشنتۆن ڕەخساندووە.