دۆسیەکەی عەدنان جومەیلی؛ ٢٥ ملیارو ٢٠٠ هەزرا دۆلارو ٤ کیلۆ زێڕی دیکە دەستیان بەسەردا گیرا

16-07-2026 10:19

پەرەگراف- دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای تاوانەکانی ناوەندی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ڕایگەیاند، ٢٥ ملیارو ٢٠٠ هەزرا دۆلارو ٤ کیلۆ زێڕی دیکە دەستیان بەسەردا گیرا، وەک بەشێک لە لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان لە دۆسیەی تۆمەتباری دەستبەسەرکراو، عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێرقق بۆ کاروباری پاڵاوتن.

بەشێک لە پارە دەستبەسەرداگیراوەکە لەلای چەند کەسێک دانراوە، بەشەکەی تری بە شاراوەیی لە ناو دیواری چەند خانوویەکدا دۆزرایەوە، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی تۆمەتبارەکە بەردەوامە، وەک بەشێک لە ڕێکارەکانی بەدواداچوون بۆ داهاتی تاوانەکە و ئەو کەسانەی تێوەگلاون.

13ی ئەم مانگەش ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق دەستبەسەرداگرتنی خانووبەرە و کارگەو ئۆتۆمبێلی بە بەهای 69 ملیار دینار ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی دۆسیەی عەدنان جومەیلی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت. 

دادگای دەستپاکی نەینەوا، وتی: بڕیار دەرچووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی نۆ موڵکی بازرگانی و سێ کارگەی ئارد لە موسڵ، بە کۆی گشتی بەهای نزیکەی 69 ملیار دیناری عێراقی، ئەمە جگە لە حەوت بارهەڵگری گواستنەوەی مۆدێرن، کە هەریەکەیان بەهای 200 هەزار دۆلارە.

لەگەڵ دوایین دەستبەسەرداگرتنەکاندا، دەسەڵاتدارانی عێراق تا ئێستا نزیکەی ٢٣٥ ملیار دیناری عێراقی، ٢٤.٢ ملیۆن دۆلار، و ٣٧٩ کیلۆگرام زێڕیان گەڕاندووەتەوە، لەگەڵ چەندین موڵکی بازرگانی، ئاشی ئارد، بارهەڵگری گواستنەوە، ئۆتۆمبێل، و دارایی دیکە کە پەیوەندییان بە لێکۆڵینەوەکەوە هەیە. 

لێکۆڵینەوە بەرفراوانەکە پێشتر بووەتە هۆی دەستگیرکردنی دەیان پەرلەمانتار و بەرپرسی باڵا لە ماوەی ئەو ئۆپراسیۆنانەی کە لە ٢٨ی حوزەیران و ڕۆژانی دواتریدا دەستیان پێکرد. دەسەڵاتدارانی دادوەری ڕایانگەیاندووە کە پێشبینی دەستگیرکردنی زیاتر و ڕێکاری یاسایی زیاتر دەکرێت لەکاتێکدا لێکۆڵینەوەکە بەردەوامە لە فراوانبوون.