پەرەگراف - ژمارەى پێشمەرگە شەهیدەکانى کۆمەڵەى زەحمەتکێشان بۆ "لانى کەم نۆ پێشمەرگە" بەرز بووەوە.
بەیانیى ئەمڕۆ ١٧-٠٧-٢٠٢٦، بارەگاکانى حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە گوندى زڕگوێزى نزیک شارى سلێمانى کرانە ئامانج.
ڕێکخراوى مافى مرۆڤى هەنگاو دەڵێت "بارەگایەکى کۆمەڵە لە بەرزاییەکانى زڕگوێز لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بە شەش مووشەک و درۆن بەئامانج گیراوە".
ڕێکخراوەکە لە دووەم ڕاگەیەندراویدا لەبارەى هێرشەکەوە، دەڵێت "ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی گیانیان بەخت کردووە، بۆ لانی کەم ٩ کەس بەرز بووەوە و ئەگەری زیاتربوونی ژمارەی قوربانییان لە ئارادایە".
هەر بەرەبەیانى ئەمڕۆ لە ماوەى یەک کاتژمێردا هەشت درۆنى بۆمبڕێژکراو ئاراستەى هەولێر و دەوروبەرى کراون، کە بەبێ زیان تێکشکێندراون.
دژەتیرۆری کوردستان ڕایگەیاند "بەگوێرەی زانیارییەکانمان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ١٧ی تەمووزی ٢٠٢٦، لە کاتژمێر٠٤: ١٩ تا ٠٥: ٢٥، هێزەکانی هاوپەیمانان هەشت درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاند و خستە خوارەوە".
دژەتیرۆر دەشڵێت "خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە".
لەدواى سەرهەڵدانەوەى بارگرژییەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران، چەند ڕۆژێکە هێرشى درۆنى بۆ سەر هەرێمى کوردستانیش سەرى هەڵداوەتەوە. هەر لەبەر مەترسییەکانى ئەو هێرشانە، کۆمپانیاى دانەغاز بەرهەمهێنانى غازى لە کێڵگەى کۆرمۆر لە چەمچەماڵ ڕاگرت.