عێراق و ئەمریکا دەیان ڕێککەوتن و یاداشتنى لێکتێگەیشتنیان واژوو کرد؛ پشکى شێرى لە کەرتى وزەدایە

18-07-2026 01:14

پەرەگراف - نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق واژووکردنى ٤٨ ڕێککەوتن و یاداشتنى لێکتێگەیشتنى لەنێوان عێراق و کۆمپانیاکانى ئەمریکا ڕاگەیاند. وەزیری وزەی ئەمریکا ڕایگەیاند تەنیا لە بواری وزەدا بە بەهای زیاتر لە ٦٠ ملیار دۆلار ڕێککەوتن واژوو کراوە. هەروەها لەنێوان بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکایشدا ڕێککەوتن واژوو کراوە.

بەپێى ڕاگەیەندراوى نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلى زەیدى سەرپەرشتیى واژووکردنى ڕێککەوتنەکانى کردووە، کە لە کەرتە جیاوازەکانی نەوت، پیشەسازی، تەکنەلۆژیا و داراییدا بوون.

"ڕێککەوتن و یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن بریتی بوون لە هاوکاری و هاوبەشیی نێوان وەزارەتەکانی نەوت و کارەبا و کۆمپانیاکانیان و کەرتەکانی تری حکومی، لەگەڵ هەریەک لەم کۆمپانیایانە: ئێکسۆن مۆبیل، کەی بی ئاڕ، جی ئەی ڤێرنۆڤا، شێڵ و هالیبێرتۆن، هەروەها ڕێککەوتنی هاوکاری و ناساندنی خزمەتگوزاری لەنێوان ستارلینک و دەستەی میدیا و پەیوەندییەکان"، نووسینگەى ڕاگەیاندنى زەیدى وا دەڵێت.

یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان کۆمپانیای (کیزلایت تەکنەلۆژیا) و کەرتی تایبەتی عێراق، هەروەها لەگەڵ کۆمپانیای پێپسیکۆ و چەند کۆمپانیایەکی دیکە بۆ دروستکردنی بۆریی نەوت بۆ بانیاس لەسەر دەریای ناوەڕاست، لەگەڵ ڕێککەوتنی هاوبەشی لە بواری پەروەردە و دابینکردن و بەرهەمهێنانی دەرمان و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ، بەشێکى دیکە بوون لە ڕێککەوتنەکانى نێوان عێراق و کۆمپانیا ئەمریکییەکان.

کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى (ئێکس) نووسیویەتی "شەرەفمەندبووین بە پێشوازیکردن لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە واشنتۆن و واژووکردنی ڕێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیاکانى ئەمریکا لە بواری وزەدا بە بەهای زیاتر لە ٦٠ ملیار دۆلار".

وەزیری وزەی ئەمریکا دەشڵێت "بەهێزکردنی هاوکاریی وزەی نێوان ئەمریکا و عێراق، بەشدار دەبێت لە بونیادنانی داهاتوویەکی ئارام و خۆشگوزەران و بەردەستبوونی زیاتری وزە بۆ ئەمریکا و عێراق و جیهان".

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە تۆڕى (ئێکس) پێشوازیی لەو ڕێککەوتنەش کردووە کە لەنێوان بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا واژوو کراوە و بە "هەنگاوێکی گرنگ لە ڕێڕەوی چاکسازی لە کەرتی بانکی و پتەوکردنی تێکەڵبوونی لەگەڵ سیستەمی دارایی جیهانیدا" ناوى دەبات.

عەلى زەیدی دەشڵێت "ئامادەکردنی حەوت بانکی عێراقی بۆ دەستپێکردنەوەی مامەڵەی بانکی بە دراوەکانی دیکە، وەک ئامادەکارییەک بۆ مامەڵەکردنیان بە دۆلاری ئەمریکی دوای جێبەجێکردنی مەرجەکانی پابەندبوون، سەرکەوتنی ڕێبازی چاکسازیی دارایی حکومەت پشتڕاست دەکاتەوە، ئەمەش متمانە بە کەرتی بانکیی عێراق بەهێز دەکات و ئاسۆی فراوانتر بۆ ئابووریی نیشتمانی و وەبەرهێنان دەکاتەوە".