پەرەگراف - ماڵپەڕى ئەلمۆنیتۆرى ئەمریکى لە زارى بەرپرسانى عێراقەوە بڵاوى کردەوە، ئەو کۆمپانیا بیانییانەى بەرهەمهێنانى نەوت کە لە هەرێمى کوردستان کار دەکەن، بڕیاریان داوە "دەستبەجێ" بەرهەمهێنانى نەوت ڕابگرن.
سەرچاوەکانى ئەلمۆنیتۆر کە بە مەرجى ناونەهێنان لێدوانیان بۆ ماڵپەڕەکە داوە، ڕایانگەیاندووە کە ئەم بڕیارەى کۆمپانیا نەوتییەکان بەهۆی "پەرەسەندنی توندووتیژییەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوەیە".
دواى یەک هەفتە لە سەرهەڵدانەوە و بەردەوامیى بۆردوومانەکانى ئەمریکا بۆ سەر ئێران، تارانیش لە یەکدوو ڕۆژى ڕابردوودا هێرشەکانى بۆ سەر بنکەکانى ئەمریکا لە ناوچەکە توندتر و چڕتر کردووە.
هاوکاتى پەرەسەندنى بارگرژییەکان، چەند ڕۆژێکە هێرشى درۆنى و مووشەکى دەکرێتە سەر هەرێمى کوردستانیش. هەر ئەمشەو ژمارەیەک درۆنى بۆمبڕێژکراو لە ئاسمانى هەولێر و دەوروبەرى لەلایەن سیستەمى بەرگریى هاوپەیمانانەوە تێکشکێندراون.
ڕۆژى ١٦ـى ئەم مانگەش کۆمپانیای دانەگاز بەهۆی مەترسیی ئەمنی، بەرهەمهێنانی گازی لە کێڵگەی کۆرمۆر ڕاگرت.
پێشتریش کێڵگە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان لە کاتى شەڕ و گرژییەکانى نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێراندا، ڕووبەڕووى دەیان هێرشى درۆنی و زیانى گەورە بوونەتەوە.
ئەمریکا هەشت شەوى لەسەر یەکە بۆردوومانى بۆ سەر پێگە سەربازى و ستراتیژییەکانى ئێران دەست پێ کردووەتەوە. واشنتن دەڵێت کە ئامانجى هێرشەکان لاوازکردنى توانا سەربازییەکانى ئێرانە، بۆ ئەوەى ڕێگرى لەو هێرشانە بکات کە سوپاى پاسداران لە گەرووى هورمز دەیکاتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان.
هەروەها فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانى ئەمریکا (سێنتکۆم) پشتڕاستی کردەوە کە بەهۆى هێرشى مووشەکی بالیستی و درۆنیی ئێرانەوە بۆ سەر بنکەکانى ئەمریکا لە ئوردن لە ڕۆژى هەینیدا، دوو سەربازی ئەمریکی کوژراون و یەکێکی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنە.