مەسرور بارزانی بۆ لایەنەکان: ئەگەر خەمخۆر و ڕاستگۆن با پەرلەمان کارا بکەینەوەو نەبێتە بارمتە لە دەست هیچ كەسێك
پەرەگراف- مەسرور بارزانی پەیامێکی ئاڕاستەی لایەنە کوردستانییەکان کرد بۆ کارا کردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و دەڵێت، ئەگەر خەمخۆر و ڕاستگۆن کەرەم بکەن با پەرلەمان کارا بکەینەوەو نەبێتە بارمتە لە دەست هیچ كەسێك.
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێرو بەغدادیش، سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەڵێت، پەیوەندییەکان زۆر باشن و حكومەتی هەرێم بەشێکی سەرەکی بووە لە پشتیوانی و یارمەتیدانی عەلی زەیدی بۆ هەڵمەتی ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی هیوادارن لەم ئەركە قورسەدا سەركەوتوو بێت.
ئەو وتانەی مەسرور بارزانی ئەمڕۆ لە وتارێکدا بوو لە کردنەوەی پرۆژەی ئاوی باڵندا – بارزان کە ئاوی خواردنەوە بۆ 53 گوندی مێرگەسۆر، خەلیفان و ئاکرێ دابین دەکات.
"پەیوەندییەكانی ئێمە لەگەڵ بەغدا لە ئاستێكی زۆر باشدایە، بە تایبەتیش كە حكومەتی تازە لە بەغدا دامەزرێندرا، حكومەتی هەرێم بەردەوام بووە لە پشتیوانیكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ بەڕێز عەلی زەیدی، ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیكردنی بۆ جێبەجێكردنی دەستوور و باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا. داوای ئێمەش هەموو كاتێك ئەوە بووە كە بەغدا بەبێ فەرق و جیاوازی دەستوور جێبەجێ بكات و خەڵكی كوردستانیش وەك هەموو خەڵكی عێراق سوودمەند بێت لە هەموو مافە دەستوورییەكانی خۆی و فەرق و جیاوازی لە نێوانیاندا نەكرێت" سەرۆکوەزیرانی هەرێم وای وت.
مەسرور بارزانی وتیشی: "ئەم هەڵمەتەی جەنابی سەرۆكوەزیران كە لەم دواییانە بۆ بنبڕكردن و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەستی پێکردووە، دەستخۆشی لێ دەكەین و حكومەتی هەرێم بەشێكی سەرەكی بووە لە پشتیوانیكردن و پاڵپشتیكردن و یارمەتیدانی سەرۆك وەزیران بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئەركە قورسە و هیوادارم تێیدا سەركەوتوو بێت. هیوای ئێمە ئەوەیە كە هەم دۆخی ئابووری و دۆخی سیاسی و دۆخی ئەمنیی لە عێراق باشتر بێت رۆژ بە رۆژ، بێگومان هەرێمی كوردستان بەشێكی سەرەكی دەبێت لە چارەسەركردنی. هیوای ئێمە ئەوەیە كە مافەكانی هەرێمی كوردستان وەك خۆی جێبەجێ بكرێن و هیوادارین ئەو هەوڵانە پێشتر كە جیاوازیی لە نێوان هەرێمی كوردستان و شارەكانی دیكەی عێراق دروست دەکرد، بەرەو كۆتایی بچن. داخوازیی ئێمە لە سەرۆك وەزیران و حكومەتی نوێ ئەوەیە كە دەستوور وەك خۆی جێبەجێ بكرێت".
لەبارەی پڕۆسەی سیاسی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی وتی، چەندین جارە ئێمە داخواز دەكەین كە هەموو لایەنە سیاسییەكان بێنە پێشەوە و بەرژەوەندیی میللەت و هەرێمی ئێمە، ئەزموون و دەستكەوتی ئێمە، بخەنە سەر بەرژوەندیی شەخسی، ئەمە چەندین مانگە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان كراوە، بەداخەوە تا ئێستا حكومەت دانەمەزراوە.
"سەرەڕای ئەوەی كە پارتی پابەند بووە بۆ جێبەجێكردنی ئەركی خۆی و ڕێزگرتن لە دەنگی دەنگدەران و هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی پەرلەمان و لە ئەنجامدا دروستكردنی حكومەتێك، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا رێگریی هەبووە، نە پەرلەمان كارا كراوە و نە حكوومەت پێكهێندراوە، زەرەرمەندی سەرەكی خەڵكە. ئێمە جارێكی دیكە داخوازیی خۆمان ئاراستەی هەموو لایەنە سیاسییەكان دەكەینەوە، ئەگەر راستگۆن و خەمخۆرن بۆ خەڵكی كوردستان، با كەرەم بكەن و بێن پەرلەمانی كوردستان كە موڵكی خەڵكی كوردستانە، كارا بكەنەوە و پەرلەمان نەبێتە بارمتە لە دەست هیچ كەسێك بۆ دەستكەوتی شەخسی یانیش بۆ رێگریكردن لە خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و دروستكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەكار بێت".
مەسرور بارزانی وتیشی: پارتی جارێكی دیكە پابەندە كە رێز لە دەنگی خەڵكی كوردستان بگرێت، ئێمە ئامادەین و دەستی دۆستایەتی بۆ هەموو لایەنە سیاسیەكان درێژ دەكەین و داوایان لێ دەكەین بە تایبەت لەم بارودۆخە هەستیار و ناسكەدا، بێن و لەگەڵ ئێمە هاوبەش بن لە كاراكردنەوەی پەرلەمان و لە خزمەتی خەڵكی خۆیاندا بن. ئێمە هەموو ئامادەییەكمان هەیە بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی خەڵكی خۆمان، میللەتی خۆمان، خاكی خۆمان، بخەینە سەر بەرژەوەندیی شەخسی. هیوای ئێمە ئەوەیە كە ئەم پەیامەمان بگاتە هەموو لایەك و ئەوانیش بەرەو پیریەوە بێن.