پەرەگراف- فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، ڕۆژی ١٨ی تەممووز سەربازێکیان لە هەرێمی کوردستان کوژراوە. ڕووداوەکە کاتێک بووە کە سەربازەکە سەرقاڵی پووچەڵکردنەوە و تەقاندنەوەی پاشماوەی درۆنێکی خۆکوژیی ئێرانی بووە کە پێشتر خرابووە خوارەوە.
سێنتکۆم ڕوونیکردەوە کە لەو ڕووداوەدا سەربازێکی تریشیان بە سووکی بریندار بووە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
ئەم ڕووداوە دوای ڕۆژێک لەوە هات کە هێزەکانی هاوپەیمانان چەند درۆنێکی ئێرانییان لە ئاسمانی هەولێری پایتەخت خستە خوارەوە، ئەمەش لەکاتی پەرەسەندنی شەڕو گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران.
لەلایەکی ترەوە، سێنتکۆم ڕایگەیاند، دوای گەڕانێکی ورد کارمەندانی سەربازیی ئەمەریکا چەند تەرمێکی نەناسراویان لە شوێنی هێرشەکەی ١٧ی تەممووزی ئێران بۆ سەر ئوردن دۆزیوەتەوە. لە ئێستادا پشکنین بۆ تەرمەکان دەکرێت بۆ یەکلاکردنەوەی ناسنامەکانیان.
پێشتر فەرماندەییەکە ڕایگەیاندبوو کە بەهۆی هێرشەکەی ئوردنەوە دوو سەربازیان کوژراون و سەربازێکی تریش بێسەروشوێن بووە.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کرد، لەبەر ڕێزگرتن لە کەسوکاریان، ناسنامەی سەربازە کوژراو و بێسەروشوێنەکان بڵاو ناکەنەوە تا ئەو کاتەی بە فەرمی خێزانەکانیان لێ ئاگادار دەکرێنەوە.