پەرەگراف- عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەمزووانە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بەغدا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، سەردانی ئێران و تورکیا دەکات، سەردانەکە هاوکاتە لەگەڵ سووربوونی حکومەتەکەی لەسەر سنووردارکردنی چەک لەژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەت و چەککردنی میلیشیاکانی سەربە ئێران.
حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، ڕایگەیاند کە ئەم دوو سەردانە دوای "ئەنجامە ئەرێنییەکانی" سەردانە فەرمییەکەی زەیدی دێت بۆ ئەمەریکا، ئامانج لێیان پێشخستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، تاوتوێکردنی پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و برەودان بە ئاسایش و سەقامگیرییە، ئاماژەی بەوەش کرد کە سەردانەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و پێویستییەکانی پەیوەندیی دراوسێیەتییەکی باش ئەنجام دەدرێن.
عەبودی دووپاتی کردەوە کە سنووردارکردنی هەبوونی چەک لە دەستی دامەزراوەکانی دەوڵەت "بابەتێکی سەروەریی عێراقە"، "دۆسیەی هێشتنەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا، لە ڕێگەی بڕیارێکی نیشتمانیی سەربەخۆوە بەڕێوەدەبرێت کە لەلایەن دامەزراوە تایبەتمەندەکانی عێراقەوە جێبەجێ دەکرێت".
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکوەزیران لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا سەردانی تاران بکات، کە بڕیارە عێراق و ئێران چەندین یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن واژۆ بکەن کە بوارەکانی هاوکاری دووقۆڵی دەگرێتەوە.