لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم لێخۆشبوونە گومرگییەکان دەکات
پەرەگراف- تەنیا لە ٦ مانگی ڕابردوودا بە بەهای ٨٤٦ ملیار دینار لێخۆشبوونی گومرگی لە عێراق کراوە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ میوانداریی بەڕێوەبەری گشتی گومرگی عێراقی کرد و تاوتوێی داهاتی گومرگ و ڕیکارەکانی زیادکردنیان کرد، لیژنەکە کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم لێخۆشبوونەکان دەکات.
دیلان غەفور ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان بە پەرەگرافی وت، وەک هەنگاوێک بۆ زیادکردنی داهاتی وڵات کە بەهۆی ڕاوەستانی هەناردەی نەوت و داخرانی گەروی هورمز لە ئەنجامی شەڕی ئەمەریکاو ئێران، داهاتی عێراق تووشی کورتهێنانی گەورە بووە، "لیژنەی دارایی پێشنیارێک بۆ پەرلەمان بەرزدەکاتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم لێخۆشبوونە گومرگییەکان".
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، بەپێی ئەو ئامارانەی ئەمڕۆ سامر قاسم بەڕێوەبەری گشتی گومرگ خستوویەتییە ڕوو، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەهای ٨٤٦ ملیار دینار لێخۆشبوونی گومرگی کراوە، زۆرترین لێخۆشبوون لە مانگی ٥دا بووە کە تەنیا لەو مانگەدا بە بەهای ٤٧٤ ملیار دینار لێخۆشبوون بۆ ئەو کاڵاو شمەکانە کراوە کە هێنراونەتە عێراق و بەپێی یاساو بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لێخۆشبوونی گومرگی دەیانگرێتەوە.
ژمارەیەک یاساو بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هەن بۆ لێخۆشبوونی گومرگی، پەرلەمان دەیەوێت لەم دۆخەدا و بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمبوونەوەی داهاتی نەوت، سەرجەم ئەو یاساو بڕیارانەی تایبەتن بە لێخۆشبوونی گومرگی ڕایان بگرێت.
لەبارەی داهاتی گومرگ لە عێراق، ئەو پەرلەمانتارە وتی، ساڵی ٢٠٢٣ ٨٠٠ ملیار دینار داهات هەبووەو لە ٢٠٢٤دا بەرزبووەتەوە بۆ ٢ ترلیۆن و ١٤٥ ملیار دینارو ساڵی ٢٠٢٥ زیاتر بەرزبووەتەوە بۆ ٢ ترلیۆن و ٦٠٠ ملیار دینار.