کۆمیسیۆن کۆنگرەى گۆڕانى پەسەند کرد و هەڵبژاردنى دانا ئەحمەد مەجیدى بە ڕێکخەرى گشتى ڕەت کردەوە
پەرەگراف - کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانى عێراق لەبارەى چارەنووسى دانا ئەحمەد مەجید بڕیارى دا و هەڵبژاردنى بە ڕێکخەرى گشتیى بزووتنەوەى گۆڕان لە کۆنگرەکەى کەرکووک هەڵوەشاندەوە و دەڵێت "نایاسایی و پووچەڵ" ـە. بەپێى بڕیارى کۆمیسیۆن، کۆنگرەکە پەسەند کراوە، بەڵام دەبێت گۆڕان دووبارە ڕێکخەرى گشتى هەڵبژێرێتەوە.
لە کۆبوونەوەیەکى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق کە ڕۆژى دووشەممە ٢٠-٠٧-٢٠٢٧ بەڕێوە چووە، بڕیارێکى چوار خاڵى سەبارەت بە کۆنگرەکەى ١٦-٠٢-٢٠٢٦ـى بزووتنەوەى گۆڕان کە لە کەرکووک بەڕێوەچوو، دەرکراوە.
ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆن لە خاڵى یەکەمدا، ئەندامێتیی (دانا ئەحمەد مەجید) ـى لەو کۆنگرەیەى گۆڕاندا بە "نایاسایی و پووچەڵ" داناوە، ئەمەش پشتبەست بە بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان کە بڕیاری داوە بە سڕینەوەی ناوی ناوبراو لە ئەندامێتیی دەستەی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان.
ئەنجوومەنى کۆمیسیاران لە دووەم خاڵدا بڕیارى داوە بە ڕاسپاردنی فەرمانگەی کاروباری حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان کە بە هەماهەنگی لەگەڵ بزووتنەوەى گۆڕان، وادەیەک بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی نوێ بەمەبەستی هەڵبژاردنی ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە دیارى بکات.
هەروەها دەسەڵات بە سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دراوە بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر فەرمانگەی کاروباری حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، سەبارەت بە چۆنیەتیی پەسەندکردنی "بریکارنامەیەکی بەسەرچوو"، ئەمەش پشتبەست بە بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان ژمارە (١٣/دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان/٢٠٢٦) لە ڕێکەوتی ٢٣/٤/٢٠٢٦.
ڕۆژى ١٦-٠٢-٢٠٢٦، لە شاری کەرکووک و بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بزووتنەوەى گۆڕان کۆنفرانسی بەست و تێیدا دانا ئەحمەد مەجید دەنگی زۆرینەی بەشداربووانی بەدەست هێنا و بە ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە هەڵبژێردرا. بەر لە دەنگدانەکە ئاڕاستەی گردی زەرگەتەی گۆڕان کە کوڕانی نەوشیروان مستەفا سەرپەرشتییان دەکەن و کەمینە بوون، هۆڵی کۆنفرانسیان بەجێهێشت.