قەیرانی کەمیی و گرانیی بەنزین بەردەوامە؛ لە هەولێرو دهۆک بەنزین کەمە لە سلێمانی و هەڵەبجە گرانە
پەرەگراف- بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف قەیرانی کەمیی بەنزین و گرانیی نرخەکەی لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە، لە هەولێرو دهۆک کە بەنزینخانەکان ناچارکراون بڕیارەکەی حکومەت بۆ نرخی بەنزین جێبەجێ بکەن، قەیرانەکە گۆڕاوە بۆ کەمیی بەنزین و ژمارەیەکی زۆر لە بەنزینخانەکان بەنزینیان نییە.
ئەو بەنزینخانانە دەڵێن، بەو نرخەی حکومەت بۆی دیاری کردوون ناتوانن بەنزین بفرۆشن و زەرەر دەکەن.
لە سلێمانی و هەڵەبجەش بڕیارەکەی حکومەت کە نرخی هەموو جۆرەکانی بەنزینی دیاری کردووە جێبەجێ نەکراوەو بەنزینخانەکان پابەند نەکراون بە جێبەجێکردنی، هەربۆیە قەیرانی کەمیی بەنزین نییە، بەڵام نرخی بەنزین زۆر گرانترە لەوەی حکومەت دیاری کردووە بە جۆرێک؛ بەنزینی نۆرماڵ لیتری بە 1250 دینارو بەنزینی موحەسەن بە 1350 دینارو سوپەر بە 1500 دینارە.
هاوکات بەنزینی حکومی لە ژمارەیەکی کەم بەنزینخانە هەیەو شۆفێران لە نۆرەی دورودرێژدا دەوەستن تا لیترێک لەو بەنزینەیان بە 750 دینار دەستبکەوێت، تەنانەت هەندێک لە شۆفێران ڕۆژێک پێشتر دەچنە سەرەوە تا زووتر بەریان بکەوێت.
ئەو نرخانە لەکاتێکدایە 22ی ئەم مانگە وەزارەتى سامانە سروشتییەکان بە بڕیارێکى نوێ نرخى سەرجەم جۆرەکانى بەنزینى دیارى کرد و ڕایگەیاند نابێت هیچ جۆرێکى بەنزین بە زیاتر لەو نرخانە بفرۆشرێت.
بڕیارەکانی حکومەت بۆ نرخی بەنزین:
یەکەم: بەنزینی کوالێتی نۆرماڵ:
- نرخی فرۆشتنی بەنزینی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە کوالێتیی نۆرماڵ لە بەنزینخانەکان لیتری بە ٧٥٠ دینارە.
- نرخی فرۆشتنی بەنزینی بازرگانی بە کوالێتیی نۆرماڵ لە بەنزینخانەکان نابێت لە ٨٥٠ دینار زیاتر بێت.
دووەم: بەنزینی کوالێتی موحەسەن لە بەنزینخانەکان نابێت لە ١٠٠٠ زیاتر بێت.
سێیەم: بەنزینی کوالێتی سوپەر لە بەنزینخانەکان نابێت لە ١٢٠٠ دینار زیاتر بێت.
چورەم: کوالێتیی بەنزینی نۆرماڵ و مەحەسەن و سوپەر پێویستە بەگوێرەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بێت، بە پێچەوانەوە بەنزینخانەکە دووچارى لێپێچینەوە دەبێت.
پێنجەم: ئەم فەرمانە لە ڕێکەوتى دەرچوونیەوە کارى پێ دەکرێت.