گۆڕان: ڕەخنەگرتن بۆ خۆنواندن و خۆدەرخستن ڕەتدەكەینەوە

19-06-2019 05:32


پەرەگراف


گۆڕان دەڵێت، ڕەخنەگرتن بە زمانی گوڵ شتێكی حەیاتییە بۆ بزووتنەوەكەیان، بەڵام ڕەخنە بۆ خۆدەرخستن ڕەتدەكەنەوە‌و ئەو كەسانەی ئەو جۆرە ڕەخنەیە دەگرن لە هەر پۆستێكدا بن، بۆچوونەكەیان گوزارشت لە ڕای گۆڕان ناكات.

گۆڕان لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت "هەر رەخنەیەك لەلایەن هەڵسوڕاوانی حیزبی و حكومەت و پەرلەمانەوە بگیرێ بە ناڕەوا بۆ مەرام و بەرژەوەندی كەسێتی، بۆ خۆنواندن و خۆدەرخستن، و بە زمانێكی ناشایستە و ناشارستانی ئاراستەی كەس و لایەن و دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم بكرێ، گوزارشت لە سیاسەت و بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان ناكات، بەڵكو رەتیشی دەكاتەوە".

ئەو ڕوونكردنەوەیە دوای لێدوانەكانی بەرپرسانی پارتی دێت كە ڕەخنە لە هەندێك پەرلەمانتارو بەرپرسی گۆڕان دەگرن كاتێك باسلە گەندەڵیی‌و ناشەفافیەت لە هەرێمی كوردستان دەكەن، بەتایبەت لە پرسی نەوت‌و مووچەدا.

دەقی ڕونكردنەوەكەی گۆڕان

بزوتنەوەی گۆڕان، وەك هێزێكی سیاسی مەدەنی رەخنەگر دروست بووە، و واشدەمێنێ، هەر لەگەل دەسپێكی كاری سیاسی و راگەیاندنی ئەم بزوتنەوەیەدا، دروشمی (رەخنە بە زمانی گوڵ) ی هەڵگرت.

هەر لەبەر ئەوەیە، كە رەخنەگرتن بە زمانی گوڵ بابەتێكی حەیاتیە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ ئەوەی هەمیشە بە شێوازێكی شارستانی لە دژی كارە نا دەستوری و نایاساییەكان، و لە دژی هەموو شێوازەكانی گەندەڵی خەبات بكات و بوەستێتەوە.

بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان بەهەموو توانای پشتگیری لە سەرجەم ئەو رەخنانە دەكات، كە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی دەگیرێ، و بە زمانی گوڵ و بە شێوازی شارستانی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم دەكرێت.

هەر رەخنەیەكیش لەلایەن هەڵسوڕاوانی حیزبی و حكومەت و پەرلەمانەوە بگیرێ بە ناڕەوا بۆ مەرام و بەرژەوەندی كەسێتی، بۆ خۆنواندن و خۆدەرخستن، و بە زمانێكی ناشایستە و ناشارستانی ئاراستەی كەس و لایەن و دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم بكرێ، گوزارشت لە سیاسەت و بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان ناكات، بەڵكو رەتیشی دەكاتەوە.

سەبارەت بە كێشەو پرسی نەوت و غاز، مادەی (140)، بودجەی ساڵانە و پێشمەرگە، كە هەمویان پرسی نیشتیمانین، و نابێ بكرێ بە بابەتی موزایەدە لەنێوان لایەنەكانی هەرێم، دەبێ بە رێكاری دەستوری و یاسایی چارەسەر بكرێ لەنێوان هەرێم و بەغدا، بەبەشداری و هاوكاری و هەماهەنگی تەواوی لایەنەكانی كوردستان لە بەغدا.

بۆ بابەتی نەوت و غازو بودجەی هەرێمیش، بزوتنەوەی گۆڕان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە دەبێ بەرێگای دەستوری یاسایی چارەسەر بكرێ، ئەویش بە دەركردنی یاسای نەوت و غاز و دەركردنی یاسای دەستەی گشتی چاودێریكردنی داهاتە تەرخانكراوەكانی فیدڕاڵی بەپێی (مادەی 106ی دەستوری هەمیشەیی عێراق)و دروستكردنی ئەو دەستەیە بە زوترین كات، كە چواردەساڵە دەسەڵاتدارانی عێراق بەگشتی خۆیان لە دەركردنی ئەو یاسایانە ئەدزنەوە، كە دەركردنی ئەو یاسایانە و دروستكردنی ئەو دەستەیە تەنیا زامنە بۆ ئەوەی جارێكی تر بودجەی هەرێم و موچەی فەرمانبەران بدرێ، و نەوتیش بە گشتی بخرێتە خزمەتی هاوڵاتیان لە عێراق و هەرێم.

تا دەركردنی ئەم یاسایەش مافی دەستوری هەرێمی كوردستانە نەوت و غاز بەرهەم بهێنێ و ئیدارەی سامانە سروشتیەكانی هەرێم بكات، بەڵام جەخت لەوە دەكەینەوە كە دەبێ ئەو داهاتانە شەفاف بێت و لەژێر چاودێری پەرلەمانی كوردستان، و بە بڕیاری حكومەتی هەرێم بۆ بەرژەوەندی هاونیشتیمانیانی كوردستان سەرف بكرێ.

بزوتنەوەی گۆران
19/6/2019