پەرەگراف- ئەنجومەنی دادوەریی عێراق دەستبەسەرداگرتنی بڕی 27 ملیار دیناری دیکەی لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت راگەیاند.
ئەنجومەنی دادوەریی وێنەی فەردە پارەکانی بڵاوکردەوەو دەڵێت، لە ئەنجامی بەدواداچوونێکی ورد بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پارانەی بەهەدەردراون لەلایەن تۆمەتبارو لایەنە پەیوەندیدارەکانی دۆسیەکە، ئەم بڕە پارەیە كە لای چەند کەسێک شاردرابووەوە دەستی بەسەردا گیراوە، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دەستنیشانکردنی هەموو ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان بە دۆسیەکەوە هەیە.
ئەم دۆزینەوە نوێیە دوای ئەوەدێت لە 23ی ئەم مانگە ئەنجومەنی دادوەریی دەستبەسەرداگرتنی بڕی 13 ملیار دینارو 400 هەزار دۆلارو 45 کیلۆ زێڕی دیکەی هەمان دۆسیەی ڕاگەیاند.
بەکۆی گشتی ئەو بڕە پارەو زێڕانەی لە دۆسیەی جومەیلی تائێستا دەستیان بەسەرداگیراوە گەیشتووەتە؛ 275 ملیار دینار، 24 ملیۆن و 60 هەزار دۆلارو 424 کیلۆ زێڕو ژمارەیەک موڵک و ماڵ و ئۆتۆمبێلی گرانبەها.