لێدوانی مەسروور بارزانی لەسەر پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغداد، كێشەی سووتەمەنی و پێكهێنانی حكومەت

27-07-2026 12:33

پەرەگراف - مەسروور بارزانى داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات ‏‏ "بێنە پێشەوە بۆ کۆبوونەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى ‏حکومەتێکى سەرتاسەرى". سەبارەت بە کێشەى بەنزینیش ‏دەڵێت "پێدانى تەنیا ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بۆ ‏پێداویستیى ناوخۆ نادادپەروەرانەیە و دەبێت ١٢٦ هەزار ‏بەرمیل نەوت بۆ بە هەرێمى کوردستان بدرێت".

مەسروور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى ‏کوردستان، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا لە شارى هەولێر، ‏سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغداد، کێشەى ‏سووتەمەنى، کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى حکومەت ‏قسەى بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد. ‏

سەرۆکى حکومەتى هەرێم وتى "ئێستا لە هەموو بوارەکاندا ‏هەماهەنگیى زیاترمان لەگەڵ بەغداد هەیە و لە ‏پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغداد ڕازى و خۆشحاڵین". ‏

دەربارەى کێشەکانى ناوخۆى هەرێمیش مەسروور بارزانى وتى ‏‏ "پێویستە پەرلەمان کارا بکرێتەوە و حکومەتێکى ‏سەرتاسەرى پێک بێت". داوایش لە هەموو لایەنەکان کرد کە ‏‏ "بێنە پێشەوە بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى ‏حکومەت". ‏

سەبارەت بە کێشەى سووتەمەنى بەتایبەت بەنزین، سەرۆکی ‏حکومەت ڕایگەیاند ئەمڕۆ "کۆبوونەوەیەکى ‏تێروتەسەل" یان لەگەڵ وەزارەتى سامانە سروشتییەکان و ‏لایەنە پەیوەندیدارەکان هەبووە، بەڵام باسى لە بوونى هیچ ‏ڕێگەچارە یان بڕیارێکى نوێ نەکرد. ‏

مەسروور بارزانى ئاماژەى بەوە کرد کە عێراق ڕۆژانە یەک ‏ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ پێداویستیى ناوخۆ دادەنێت. بە ‏قسەى ئەو، بەپێى ڕێژەى پشکى هەرێم کە ١٢.٦٧ـە، "دەبێت ‏‏١٢٦ هەزار و ٧٠٠ بەرمیل نەوت بۆ پێداویستیى ناوخۆ بە ‏هەرێم بدرێت". ‏

سەرۆکى حکومەتى هەرێم جەختى کردەوە کە "پێدانى تەنیا ‏‏٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستیى ناوخۆ سەپێندرا و ‏نادادپەروەرانەیە". ‏