وەزارەتی کارەبا وردەکاریى داشکاندنە گەورەکەى قەرزى کۆنى کارەباى بڵاو کردەوە

28-07-2026 12:08

پەرەگراف - وەزارەتی کارەباى هەرێمى کوردستان وردەکاریى ئەو داشکاندنە گەورەیەى ئاشکرا ‏کرد کە بۆ قەرزى کۆنى کارەبا (پێش پرۆژەى ڕووناکى) کراوە و دەڵێت "بۆ دوایین جارە". ‏داشکاندنەکە بە ڕێژەى ٢٥% و ٥٠%یە. دەبێت کۆى پارەى قەرزى کارەبا بە یەک جار لە ماوەى ‏دیاریکراودا کە ٤٠ ڕۆژە، بدرێت.

دەقى ڕاگەیەندراوى وەزارەتى کارەبا: ‏

وەزارەتی کارەبا داشکاندن بە ڕێژەی تاوەکو ٥٠٪ بۆ قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی ڕووناکی ‏ڕادەگەیێنێت
وەزارەتی کارەبا خۆشحاڵە بە ڕاگەیاندنی داشکاندنێکی ناوازەی یەکجارە بەڕێژەی تاوەکو ٥٠% بۆ ‏قەرزی کۆنی پێش ڕووناکی کە جێبەجێدەکرێت لە نێوان ٣ی ئاب بۆ ١٠ی ئەیلولی ٢٠٢٦‏.
داشکانەکە تەنیا قەرزی کۆنی پێش ڕووناکی دەگرێتەوە و پارەی پسوولەکانی ڕووناکی ناگرێتەوە.
بۆ سوودمەندبوون لەم داشکاندنە، هاوبەشان پێویستە بەیەکجار تەواوی بڕی داشکێندراوی قەرزی ‏کۆنی پێش ڕووناکی بدەن.
وەک بەشێک لە ئامادەکارییە تەکنیکییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم داشکاندنە، پارەدانی کارەبا لە ‏ڕێگەی ئی-پسوولە و هۆبەکانی فرۆشیاری وزە بۆ ماوەیەکی کاتی بەردەست نابێت لە نێوان ٣٠ ‏تەمموز بۆ ٣ی ئاب.
بۆیە داوا لە هاوبەشان دەکرێت کە پارەی پسوولەکانی ڕووناکی پێش ٣٠ی تەمموز بدەن، بەر ‏لەوەی خزمەتگوزاری پارەدان بۆ ماوەیەکی کاتی بوەستێت. ئەمەش بۆ لەبەرچاوگرتنی ماوەی ‏پارەدانی ٥٠ ڕۆژی کارەبایە کە دەبێتەهۆی دادپەروەری لە پڕۆسەی پارەدان لەنێوان هاوبەشاندا.
ئەم داشکاندنە ناوازەیە بۆ دوایین جارە ئەنجامبدرێت لەسەر قەرزی کۆنی پێش ڕووناکی کە ‏تییایدا هاوبەشانی پڕۆژەی ڕووناکی و دەرەوەی ڕووناکی دەتوانن بەم ڕێژانە سوودمەندبن: - ٥٠٪ ‏داشکاندن بۆ هەموو هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی
- ٢٥٪ داشکاندن بۆ هەموو هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و میری جگە لەو هاوبەشانەی کە ‏فیدەری تایبەت بەخۆیان هەیە
خێراترین ڕێگە بۆ پارەدان بریتیە لە ئی-پسوولە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان دووربکەونەوە لە قەرەباڵغی ‏هۆبەکانی فرۆشیاری وزە. جێگای باسە کە ئەم داشکاندنە پارەدان لەڕێگەی کارمەندانی کۆکەرەوەی ‏پارەی پسوولەی کارەبا ناگرێتەوە.
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە تەواوبوونی پڕۆژەی ڕووناکی و کۆتایی هێنان بە قەرزە کۆنەکانی پێش ‏ڕووناکی، هاوبەشان پێویستە پابەندبن بە دانەوەی ئەم قەرزانە. بۆ هەندێک هاوبەش کەڵەکەبوونی ‏قەرزی کۆن لەسەریەک وای کردووە دانەوەیان زەحمەتتربێت.
هەر بەم هۆکارەش، وەزارەت ئەم ئاسانکارییە دەکات تاوەکو لە ڕێگەی ئەم داشکانە یەکجارەییە ‏یارمەتی هاوبەشان بدات بتوانن قەرزی کۆنی پێش ڕووناکی بدەنەوە.
لە قۆناغی نوێدا پێویستە پارەی پسوولەکان لە کاتی خۆیدا بدرێن ئەمەش لە ڕێگەی میکانیزمی ‏‏٥٠ ڕۆژی پارەدانی پسوولەی کارەبا کە وادەکات دادپەروەری بۆ هەمووان دابین بکرێت.
بۆ هەر پرسیارێک هاوبەشانی کارەبا دەتوانن پەیوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاری ڕووناکی ‏لە ڕێگەی ژمارە ١٩٩٢‏.