کوژران و برینداربوونى دەیان چەکدارى حەشدى شەعبى لە هێرشى ئەمریکا-سعودیەدا؛ هەڵوێستى بەغداد چى دەبێت؟

29-07-2026 12:57
بارەگایەکى بۆردومانکراوى حەشدى شەعبى

پەرەگراف - دەستەى حەشدى شەعبى کوژرانى "بەلاى کەمەوە ٢٠" چەکدار و برینداربوونى "٣٢" ـى دیکەى لە هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکەى ئەمریکا و سعودیەدا بۆ سەر بارەگاکانى ڕاگەیاند. ڕیاز هێرشەکەى بە وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانە ناوبردووە کە لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا کرانە سەر دامەزراوەکانى نەوتى وڵاتەکەى. سەرۆکوەزیرانى عێراق لەبارەى هێرشەکەوە فەرمانى کۆبوونەوەیەکى بەپەلەى دەرکرد و هەندێک سەرچاوەش باس لە هەڵوەشاندنەوەى سەفەرەکەى بۆ سعودیە دەکەن.

بەیانیى ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩-٠٧-٢٠٢٦، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، بە هاوبەشی لەگەڵ سعودیەدا "هێرشی ورد" یان کردووەتە سەر گرووپە پاڵپشتیکراوەکانى ئێران لەناو عێراق. هێرشەکەشى بە "وەڵامێکی توند بۆ زیاتر لە ٣٠ هێرشی درۆنی کە لە ٧٢ کاتژمێری ڕابردوودا لەلایەن سوپای پاسدارانەوەئەنجام دراون".

بەپێى ڕاگەیەندراوى دەستەى حەشدى شەعبى، بارەگاکانی دەستەکە لە حەوت پارێزگای (بەغداد، واست، نەینەوا، بەسرە، کەرکووک، کەربەلا و دیالە) کراونەتە ئامانج. جگە لە ڕاگەیاندنى ئامارى زیانى گیانى کە بە "ئامارى سەرەتایى" ناوى بردووە، زیانی ماددیی گەورە بە چەندین بارەگا، ئۆتۆمبێل و کەرەستە سەربازییەکانى حەشى شەعبى کەوتووە.

وەزارەتی بەرگریی سعودیە، هێرشەکانى بەرەبەیانى ئەمڕۆى بە "وەڵامێک بۆ ئەو دەستدرێژییانەی لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە کرانە سەر دامەزراوە نەوتییەکان لە ڕۆژهەڵات و ڕیازی پایتەخت" ناو برد، کە ڕیاز پێى وایە لەلایە گرووپە چەکدارییەکانى عێراقەوە ئەنجام دراون.

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، کە بە سەردانێک لە تورکیایە، فەرمانی دا ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەبارەى هێشەکانەوە ئەنجام بدات.

بڕیارە دواى تورکیا، زەیدى سەردانى سعودیەش بکات. هەندێک سەرچاوەى عێراقى باس لەوە دەکەن کە دواى هێرشەکانى ئەم بەیانییە، سەرۆکوەزیرانى عێراق بەرنامەى سەردانەکەى بۆ ڕیاز هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام هێشتا هیچ سەرچاوەیەکى فەرمى ئەمەى پشتڕاست نەکردووەتەوە.