بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم: کەمترین مووچەی خانەنشینیی کرێکارانی کەرتی تایبەت 500 هەزار دینارە

30-07-2026 01:15

پەرەگراف - ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بڕیارى دا بە دیارکردینى "٥٠٠ هەزار دینار وەکوو کەمترین مووچەى مانگانەى خانەنشینیى کرێکارانى کەرتى تایبەت".

بڕیارەکە لەسەر پێشنیازى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى بووە و لە ٢٤-٠٦-٢٠٢٦ بە ژمارە ٢٩٧ و بە واژووى مەسروور بارزانى دەرکراوە. ئەم بڕیارە لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى یاساى خانەنشینیى یەکگرتووى عێراقدایە.

هەردوو وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى و دارایى و ئابوورى ڕاسپێرکراون کە ڕێنمایى پێویست بۆ جێبەجێکردنى بڕیارەکە دەر بکەن. هەروەها جەخت کراوەتەوە لەسەر جێبەجێکردنى لەلایەن وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە.