پەرەگراف - ئەمڕۆ وەزیرانى نەوت و وزەى عێراق و تورکیا ڕێککەوتننامەى نوێ لەبارەى هەناردەکردنى نەوتەوە واژوو دەکەن.
وەزارەتی نەوتى عێراق ڕایگەیاند، باسم محەمەد خوزەیر، وەزیرى نەوتى عێراق، ئەمڕۆ شەممە ٠١-٠٨-٢٠٢٦، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا سەردانی تورکیا دەکات.
وەزارەتەکە دەشڵێت، ئامانجى سەردانەکە واژووکردنى ڕێککەوتننامەى گواستنەوە و بارکردنی نەوتی خاوی عێراق لە ڕێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی.
ئەم سەردانە نوێترین هەنگاوە لە چوارچێوەی دانوستانەکانی چەند هەفتەی ڕابردووی نێوان بەغدا و ئەنقەرە سەبارەت بە چارەنووسی بۆریی کەرکووک-جەیهان؛ ئەو بۆرییەی کە چوارچێوە یاساییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٧٣ و لە ساڵی ٢٠١٠دا بۆ ماوەی ١٥ ساڵ نوێکرایەوە، بەڵام لە ٢٧ی تەمموزی ڕابردوودا وادە یاساییەکەی بە فەرمی کۆتایی هات.
سەرەڕای کۆتاییهاتنی وادە یاساییەکە، هێشتا نەوت لەو بۆرییەی کە درێژییەکەی ٩٧٠ کیلۆمەترە و کێڵگەکانی کەرکووک لە باکووری عێراق بە بەندەری هەناردەکردنی جەیهان لەسەر دەریای ناوەڕاست دەبەستێتەوە، بەردەوامە، تەنانەت بێ ئەوەی ڕێککەوتنێکی نوێ واژوو کرابێت.
دانوستانەکان لە مانگی تەمووزى ڕابردوودا چڕکرانەوە. کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە مانگی حوزەیراندا بە فەرمی داوای لە ئەنقەرە کردبوو کە ڕێککەوتنە کۆنەکە لانی کەم بۆ ساڵێکی دیکە درێژ بکرێتەوە تاوەکو دەگەنە ڕێککەوتنێکی نوێ؛ بەڵام تورکیا داواکەی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند ڕێککەوتنى ساڵی ١٩٧٣ چیتر لەگەڵ واقیعە یاسایی و بازرگانییەکانی ئێستای بۆرییەکەدا ناگونجێت. ئاڵپئەرسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، دواتر ڕایگەیاند وڵاتەکەی ساڵێک لەمەوبەر بەغدای ئاگادارکردووەتەوە کە نایانەوێت ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠١٠ وەک خۆی نوێ بکەنەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشە یاساییانەی (دادگاى ناوبژیوانی) کە دروستی کردبوون.
لە ١ی تەمووزدا، بایراکتار لە ئەنقەرە لەگەڵ شاندێکی عێراقی کۆبووەوە کە بریکارانی وەزارەتی دەرەوە و نەوتی عێراق و نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدابوو. دوای دوو ڕۆژ، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند بەغدا و ئەنقەرە ڕێککەوتوون لەسەر واژووکردنی پرۆتۆکۆڵێکی کاتی بۆ بەردەوامبوونی هەناردەی نەوتی عێراق (بە نەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە) تا ئەو کاتەی لە ماوەی ساڵێکدا دەگەنە ڕێککەوتنێکی درێژخایەن.
پاشان بایراکتار لە ٩ی تەمووزدا سەردانی بەغدای کرد و ڕایگەیاند ڕێککەوتنە کاتییەکە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی. تورکیا ئاماژەی پێ کردبوو کە عێراق داوای هەناردەکردنی ٧٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی کردووە لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنە کاتییەدا، کە لەلایەن کۆمپانیای (بۆتاش) ـی تورکییەوە دەگوازرێتەوە.
لە کاتی سەردانەکەی عەلى فالح زەیدى، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەنقەرە لە ٢٨ی تەمووز، چاوەڕوان دەکرا ڕێککەوتنەکە واژوو بکرێت، بەڵام لەوێ تەنیا سێ ڕێککەوتنامە لە بوارەکانی تری وەک مەشق و ڕاهێنانی پۆلیس و وەرزش واژوو کران. ئەردۆغان لەوێ ئاماژەی پێ کرد کە هەردوو حکومەت هەوڵ دەدەن بە زووترین کات ڕێککەوتنێکی گشتگیر لە بواری وزەدا واژوو بکەن. سەردانەکەی ئەمڕۆى وەزیری نەوت بۆ تەواوکردن و واژووکردنی ئەم ڕێککەوتنیە.
ڕێککەوتنە نوێیەکە چ بوارێک دەگرێتەوە؟
ئاستی چاوەڕوانییەکان لە ٧٥٠ هەزار بەرمیلەکەی پێشوو تێپەڕیوە. زەیدى بە ئەردۆغانی ڕاگەیاندووە کە عێراق ئامادەیە ڕۆژانە تاوەکو یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردە بکات، ئەمەش چوار هێندەی ئەو بڕە نەوتەیە کە ئێستا لە باکووری عێراق (کەرکووک و هەرێمى کوردستان) ـەوە ڕەوانە دەکرێت. توانای گشتیی بۆرییەکە دەگاتە ١.٤ بۆ ١.٦ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بۆیە جێبەجێکردنی ئەم بڕە پێویستی بە گۆڕانکاریی فیزیکی و فراوانکردنی بۆرییەکە نییە.
هەروەها باس لە پلانێکی درێژخایەن دەکرێت بۆ درێژکردنەوەی بۆرییەکە بەرەو بەسڕە و زیادکردنی تواناکەی بۆ ٢.٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە ڕەنگە ڕێگە بدات کوێت و وڵاتانی تری کەنداویش نەوتەکەیانی پێدا بنێرن. جگە لەمە، باس لە دروستکردنی بۆرییەکی گازی سروشتیش دەکرێت لە تەنیشت بۆرییە نەوتەکەدا، هەرچەندە ئەمەی دواییان هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە.
بۆچی ئەم بۆرییە لە ئێستادا گرنگە؟
هەوڵەکان بۆ فەرمیکردنی ئەم ڕێککەوتنە لە کاتێکدایە کە عێراق دەیەوێت ڕێڕەوەکانی هەناردەکردنی نەوتەکەی هەمەجۆر بکات و تەنیا پشت بە گەرووی هورمز نەبەستێت، بەتایبەت دوای ئەو ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکەدا دروستبوون. وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە کە توانای بەرهەمهێنانی وڵات لە ٤.٨ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا تێپەڕیوە، بۆیە بەغدا هاوتەریب لەگەڵ ڕێڕەوی جەیهان، هەوڵی کاراکردنەوەی ڕێڕەوی هەناردەکردن لە ڕێگەی بەندەری بانیاسی سووریاش دەدات.
بۆریی کەرکووک-جەیهان مێژوویەکی پڕ لە کێشەی هەبووە؛ لە ئازاری ٢٠٢٣ـەوە هەناردەکردنی سەربەخۆی نەوتی هەرێم بەو بۆرییەدا ڕاگیرا، دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانیی پاریس کە تورکیای پابەند کرد بە پێدانی ١.٥ ملیار دۆلار قەرەبوو بە عێراق. هەناردەکردنەکە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٥ـەوە لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی بەغدادا دەستی پێ کرد. بەرپرسانی تورکیا ئەم ڕێککەوتنە نوێیە وەک هەنگاوێک دەبینن بۆ ئەوەی ڕێڕەوی کەرکووک-جەیهان ببێتە ناوەندێکی وزەی ناوچەیی، عێراقیش لاری نییە لەوەی کۆمپانیا تورکییەکان لە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی عێراقدا بەشدار بن.