عێراق بە گرەوكردن لەسەر نەوتی هەرێم ڕێككەوتنی زیادكردنی هەناردەی نەوت لەگەڵ توركیا واژوو دەكات
پەرەگراف - عێراق و تورکیا ڕێککەوتنێکى کاتیى یەکساڵى بۆ هەناردەکردنى نەوت واژوو دەکەن. وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ زیادکردنى هەناردەى نەوت لە ڕێگەى بەندەى جەیهانى تورکیاوە بۆ ٧٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، گرەو لەسەر ئارامى و نەوتى هەرێمى کوردستان دەکات.
نیوەڕۆى ئەمڕۆ ٠١-٠٨-٢٠٢٦، باسم محەدەد خوزەیر، وەزیرى نەوتى عێراق، بەسەرۆکایەتیى شاندێکى باڵاى وەزارەتەکەى گەیشتە ئەنقەرە، بۆ واژووکردنى ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئاڵپئەرسەلان بایراکتار، وەزیرى وزە و سەرچاوە سروشتییەکانى تورکیا.
سەلیم ڕوکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتى عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، ئامانجی شاندەکە کۆتاییهێنانە بە ڕێکارەکانی ڕێککەوتنە کاتییەکە، بەرلەوەی هەنگاو بنرێت بۆ واژووکردنی ڕێککەوتنێکی گشتگیر و درێژخایەن کە پڕۆژە گەورەکانی کەرتی وزە لەنێوان هەردوو وڵاتدا دەگرێتەوە.
ڕوکابی ئاماژەی بەوەش کردووە کە ڕێککەوتنەکە سێلایەنەیە؛ لایەنی عێراقی لە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) و کۆمپانیای نەوتی باکوور پێک دێن، لە بەرانبەریشدا کۆمپانیای (بۆتاش) کە لایەنی بەرپرسی بۆرییەکانی تورکیایە. ئامانجی سەرەکیش بەردەوامبوونی هەناردەی نەوتی عێراقە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە دواى کۆتاییهاتنى ماوەى ڕێککەوتنى پێشوو.
وتەبێژی وەزارەتى نەوت ڕوونی کردەوە، هەرچەندە بڕی هەناردە بە ٧٥٠ هەزار بەرمیل جێگیر کراوە، بەڵام گەیشتن بەو ژمارەیە لەسەر ئەرزی واقیع بەندە بە چەند هۆکارێکەوە، لەوانە: باشتربوونی دۆخی ئەمنیی هەرێمی کوردستان، گەڕانەوەی کۆمپانیا بیانییەکان بۆ سەر کارەکانیان، دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی هەرێم، هەروەها گواستنەوەی نەوتی کێڵگەکانی باشووری عێراق بەرەو باکوور بۆ ناو بۆرییەکە.
ڕوکابی دەشڵێت، ئەم ڕێککەوتنە کاتییە، دەبێتە پێشەکییەک بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیرتر کە لە ئایندەدا توانای هەناردەکردن بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز دەکاتەوە، ئەوەش دوای تەواوکردنی بۆرییە نوێیەکەی "بەسڕە - حەدیسە - کەرکووک - جەیهان".
بڕی ٧٥٠ هەزار بەرمیلەکە هاوتایە لەگەڵ ئەو داوایەی کە ئاڵپئەرسەلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا پێشتر ئاماژەی پێ کردبوو، هەرچەندە کەمترە لەو یەک ملیۆن بەرمیلەی کە عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لووتکەکەی ئەنقەرەدا بە ئەردۆغانی ڕاگەیاندبوو.
ڕێککەوتنى پێشووی عێراق و تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ٢٧ی تەمووزدا کۆتایی هاتبوو، پاش ئەوەى ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠١٠ (کە درێژکراوەی ڕێککەوتنی ١٩٧٣ بوو) وادەکەی بەسەرچوو. تورکیا پێشتر بەغدای ئاگادار کردبووەوە کە نایەوێت ڕێککەوتنەکە وەکوو خۆی نوێ بکاتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشە یاسایی و ناوبژیوانییانەی کە لەسەر هەناردەکردنی پێشووی نەوتی هەرێمی کوردستان لەئارادا بوون.