پەرەگراف - عێراق و تورکیا ڕێککەوتنى یەکساڵیى هەناردەکردنى نەوتیان واژوو کرد. عێراق هەناردەى نەوت "بەلاى کەمەوە بۆ ٧٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا" زیاد دەکات و بۆ ئەوەش پشت بە زیادکردنى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان دەبەستێت.
ڕێککەوتنەکە ئێوارەى ئەمڕۆ شەممە ٠١-٠٨-٢٠٢٦، بە سەرپەرشتیى باسم محەمەد خوزەیر، وەزیرى نەوتى عێراق و ئاڵپئەرسەلان بایراکتار، وەزیرى وزە و سامانە سروشتییەکانى تورکیا، لەنێوان هەردوو کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) و کۆمپانیاى نەوتى باکوور لەلایەک و کۆمپانیاى (بۆتاش) ـى تورکى واژوو کرا.
وەزارەتی نەوتى عێراق لەبارەى ڕێککەوتنەکەوە دەڵێت "ڕێککەوتننامەی گواستنەوە و بارکردنی نەوتی خاوی عێراق لە ڕێگەی بۆریی عێراق-تورکیا بۆ بەندەری جەیهانی تورکی" لەگەڵ لایەنی تورکی واژوو کرا.
وەزیری نەوتى عێراقش ڕایگەیاند "ماوەی ئەم ڕێککەوتننامەیە یەک ساڵە، تا ئەو کاتەی ڕێککەوتننامەیەکی گشتگیر دەکرێت کە چەندین کەرتی جیاواز لەوانە نەوت، کارەبا و سەرچاوە ئاوییەکان دەگرێتەوە".
ڕێککەوتنى گواستنەوەى نەوتى عێراقە لە ڕێگەى بۆرییەکەوە بۆ تورکیا و پاشان بازاڕەکانى جیهان، بۆ یەکەم جار لە ساڵى ١٩٧٣ واژوو کراوە، دواى درێژکرندەوەى لە ساڵى ٢٠١٠، لە ٢٧ـى تەمووزى ئەمساڵدا ماوەکەى کۆتایى هات و تورکیا ئامادە نەبوو جارێکى دیکە درێژى بکاتەوە.
لە ئێستادا نەوتى هەرێمى کوردستان و کەرکووک بە بۆرى هەناردەى بەندەرى جەیهانى تورکى دەکرێت، بۆ زیادکردنى بڕەکەى بۆ ٧٥٠ هەزار بەرمیلى ڕۆژانە، عێراق پشت بە زیادکردنى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان و گواستنەوەى نەوتى شوێنەکانى دیکە بۆ بۆرییەکە دەبەستێت، ئەمەش لەپێناو چارەسەرى بەشێک لەو کورتهێنانەى داهات کە بەهۆى کەمبوونەوەى هەناردەى نەوتەکەى لە ئەنجامى داخستنى گەرووى هورمز دروست بووە.
ئاڵپئەرسەلان بایراکتار، وەزیرى وزە و سامانە سروشتییەکانى تورکیا، دەڵێت "بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێی درێژخایەن بۆ ئەم بۆرییەی کە نزیکەی نیو سەدەیە وەک ڕێڕەوێکی ستراتیژیی وزە لەنێوان هەردوو وڵاتدا خزمەت دەکات، بەردەوامە".
بایراکتار، بۆرییەکە و ئەم ڕێککەوتنە نوێیە، لە ڕووی ئاسایشی دابینکردنی وزەی ناوچەیی و جیهانییەوە، بە "خاوەن پێگەیەکی ستراتیژیی گرنگ لە هەموو کاتێک" ناو دەبات. دەشڵێت "ئامانجمان ئەوەیە؛ بە بەکارهێنانی تەواوی توانای ئەم ژێرخانە بەهێزە، جگە لە نەوتی عێراق، سەرچاوەکانی وزەی ناوچەکەش لە ڕێگەی جەیهانەوە بگەیەنینە بازاڕەکانی جیهان و هاوکارییەکی گشتگیر و درێژخایەن بهێنینە دی، کە دەروازەی قۆناغێکی نوێ لە هاوبەشیی وزەی نێوان تورکیا و عێراقدا بکاتەوە".
سەلیم ڕوکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتى عێراق، بە ئاژانسى هەواڵى عێراقى ڕاگەیاندووە کە گەیشتن بە هەناردەى ڕۆژانەى ٧٥٠ هەزار بەرمیل نەوت، لەسەر ئەرزی واقیع بەندە بە چەند هۆکارێکەوە، لەوانە: باشتربوونی دۆخی ئەمنیی هەرێمی کوردستان، گەڕانەوەی کۆمپانیا بیانییەکان بۆ سەر کارەکانیان، دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی هەرێم، هەروەها گواستنەوەی نەوتی کێڵگەکانی باشووری عێراق بەرەو باکوور بۆ ناو بۆرییەکە.
ڕوکابی دەشڵێت، ئەم ڕێککەوتنە کاتییە، دەبێتە پێشەکییەک بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیرتر کە لە ئایندەدا توانای هەناردەکردن بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز دەکاتەوە، ئەوەش دوای تەواوکردنی بۆرییە نوێیەکەی "بەسڕە - حەدیسە - کەرکووک - جەیهان".