ئەمڕۆ 12هەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکانە؛ تائێستا پەرلەمانی عێراق دانی بە جینۆسایدی ئێزدییەکاندا نەناوە

03-08-2026 12:51

 

پەرەگراف- لە 12هەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکان لەسەردەستی تیرۆریستانی داعش، میر حازم تەحسین بەگ میری ئێزدییەکان، داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکات کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان بە جینۆساید بناسێنێت.

میر حازم لە مەراسیمێکدا لە هەولێر وتارێکی خوێندەوەو ئاماژەی بەوەکرد تائێستا 13 وڵاتی جیهان کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانیان بە جینۆساید ناساندووە، بەڵام "بەداخەوە تائێستا پەرلەمانی عێراق دانی بە جینۆسایدی ئێزدییەکاندا نەناوە".

میری ئێزدییەکان هاوکات داوای قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی ئێزدی کرد، هەروەها ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکانیان و ئاوەدانکردنەوەیان لەگەڵ چارەسەری دۆسیەی ئاوارە ئێزدییەکان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق کە تایبەتە بە دۆخی ئەمنیی و ئیداریی شەنگال.

هاوکات مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە مەراسیمەکەدا وتارێکی پێشکەش کردو داوای لە حکومەتی عێراق کرد شەنگال ئاوەدانبکاتەوەو هاوکاربێت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال.

هەر ئەمڕۆو لە ساڵیادی ئەو جینۆسایدەدا، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تۆڕی ئێکس بە زمانی کوردی ڕایگەیاند "لە ساڵیادی ئەو جینۆسایدەی کە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە دژی گەلی ئێزیدیمان و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی گەلەکەمان ئەنجامیدا، یەکێک لە قێزەونترین ئەو تاوانانە وەبیر دەهێنینەوە کە ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند. دووپاتی دەکەینەوە کە وەفا بۆ قوربانییەکان بە بەدیهێنانی دادپەروەری و ئاشکراکردنی چارەنووسی ڕفێندراوان و چاودێریکردنی ژنانی ڕزگاربوو و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی خۆبەخشانە و ئارام و پڕشکۆ بۆ ئاوارەکان دەبێت".

دوازدە ساڵ لەمەوبەر، چەکدارانی داعش دوای گرتنی موسڵ، لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا دەستیان بەسەر شەنگالدا گرت و ئەو کارەیان ئەنجامدا کە بووەتە یەکێک لە بەدناوترین دڕندەییەکانی ئەو ڕێکخراوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، داعش ٥ هەزار ئێزدیی کوشت و ٦٤٠٠ی دیکەی ڕفاند کە تائێستا ٢٦٠٠ کەسیان بێسەروشوێنن، هەروەها نزیکەی ٣٥٠ هەزار کەسیش ئاوارەبوون. 

لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠دا ڕێککەوتنی شەنگال لە نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق واژۆ کرا، ئامانجی دامەزراندنی ئیدارەیەکی نوێی ناوخۆیی و کردنەدەرەوەی گروپە چەکدارەکان و دروستکردنی پێکهاتەیەکی ئەمنیی یەکگرتوو بوو. بەڵام تائێستا جێبەجێ نەکراوە.