نێچیرڤان بارزانی: سووریا لە سایەی سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرعدا داهاتوویەکی ڕووناکتری دەبێت

03-08-2026 05:09

پەرەگراف - نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، دەڵێت "بڕوام وایە سووریا لە سایەی سەرکردایەتیی ئەودا، توانای هەیە بەرەو سەقامگیری و گەشەسەندنی زیاتر داهاتووییەکی ڕووناکتر هەنگاو بنێت".

ئەحمەد شەرع لە کۆشکی کۆماریی سووریا پێشوازییەکی فەرمیی لە نێچیرڤان بارزانی کرد و ئاڵای کوردستانیش لە تەنیشت ئاڵای عێراقەوە دانرابوو.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەڵشێت "پشتگیریی خۆمان بۆ سووریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو دووپات کردەوە، کە تێدا مافی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان پارێزراو بێت".

"سووریا و عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی دراوسێیەتییەوە بەژەوەندیی هاوبەشی زۆریان هەیە. دەرفەتی گەورەش هەن بۆ فراوانکردنی هاوکاریی ئابووری"، نێچیرڤان بارزانی وا دەڵێت.

هەر لەبارەى کۆبوونەوەکەوە، سەرۆکایەتیى کۆمارى سووریا ڕایگەیاند "لە میانی دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و ڕێگاکانی پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی کرا، بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا".

سەرۆکایەتیى کۆمارى سووریا دەشڵێت "دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش بۆ پشتگیریکردن لە ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزکردنی هاوکارییە هەرێمییەکان" تاوتوێ کراون.