خۆپیشاندەرانى پێنجوێن: ئێمە دژى حکومەت نیین، بەڵام پرۆژەى ڕووناکى لەگەڵ ناوچەکەى ئێمە ناگونجێت
پەرەگراف - کۆبوونەوەى نوێنەرى خۆپیشاندەرانى پێنجوێن و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەربارەى پرۆژەى ڕووناکى بێ ئەنجام بوو. حکومەت لەسەر جێبەجێکردنى پرۆژەکە و خۆپیشاندەرانیش لەسەر ڕەتکردنەوەى سوورن.
سەرچاوەیەکى بەشدار لە کۆبوونەوەکە بە پەرەگرافى وت "قائیمقامیەت و لایەنە ئەمنییەکان و نوێنەرانى پرۆژەى ڕووناکى هیچ پەیام و بەڵێنێکى دڵخۆشکەریان بۆ خۆپیشاندەران پێ نەبووە. ئەوان سوورن لەسەر سەپاندن و جێبەجێکردنى پرۆژەکە بە هەمان شێوە و نرخى ناوچەکانى دیەکە".
ئەو سەرچاوە وتیشى خەڵکى پێنجوێن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى بەردەوام دەبن تا تیمەکانى پرۆژەى ڕووناکى شارەکە جێدەهێڵن و جێبەجێکردنى پرۆژەکە ڕادەگرن".
بەیانیى ئەمڕۆ ٠٤-٠٨-٢٠٢٦، پێنجوێن خۆپیشاندان و مانگرتن دژى جێبەجێکردنى پرۆژەى ڕووناکى (کارەباى ٢٤ کاتژمێرى) دەستى پێ کرد. دانیشتووانى قەزاکە نرخى کارەبا بەپێى پرۆژەکە بە گران دەزانن و دەڵێن "پرۆژەى ڕووناکى بۆ پێنجوێن ناگونجێت".
ماوەى دوو ڕۆژە پرۆسەى بەستنى پێوەرەکانى پرۆژەى ڕووناکى لە پێنجوێن و ناحیە و گوندەکانى دەوروبەرى دەستى پێ کردووە. دانیشتووانى بەشێک لەو ناوچانە ڕێگرییان لە تیمەکان کردووە و ڕەتیان کردووەتەوە.
بەیانیى ئەمڕۆ هاووڵاتیان و دووکاندارانى پێنجوێن بە داخستنى دووکانەکانیان و دەستپێکردنى گردبوونەوە و خۆپیشاندان ناڕەزایەتییان بەرانبەر جێبەجێکردنى پرۆژەى ڕووناکى لە قەزاکە دەربڕى. یەکێک لە چالاکانى مەدەنیى پێنجوێن لەناو خۆپیشاندانەکانەوە وتى "ئێمە دژى حکومەت نیین، بەڵام پرۆژەکە لەگەڵ کەشوهەواى ساردى ناوچەکە و دۆخى هاووڵاتیان ناگونجێت".
قەزاى پێنجوێن دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتى پارێزگاى سلێمانى لە نزیک سنوورى هەرێمى کوردستان-ئێران. ناوچەیەکى کوێستانییە و زستانى سارد و بەفراوییە. دانیشتووانەکەى بۆ تێپەڕاندنى وەرزى سەرما کە نیوەى ساڵەکە دەخایەنێت، پێویستیان بە سووتەمەنیى زۆر و کارەباى ٢٤ کاتژمێرى هەیە. لە ئێستادا نزیکەى ٢٠ کاتژمێر کارەبا بە قەزاکە دەدرێت، بەڵام بە نرخى پێشوو کە هەرزانە.
یەکێک لە چالاکانى مەدەنیى پێنجوێن دەڵێت "بە جێبەجێکردنى پرۆژەى ڕووناکى، پارەى کارەبا چەند هێندە لەسەر هاووڵاتیان زیاد دەبێت، لە کاتێکدا ئێمە خۆمان کارەباى بەردەواممان هەیە و پێویستمان بەو پرۆژەیە نییە".