پارێزگارى کەرکووک: مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ماددەی ١٤٠ گەورەترین هەڵەی ستراتیژیی دوای ساڵی ٢٠٠٣ بوو
پەرەگراف - پارێزگارى کەرکووک، مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ماددەی ١٤٠ بە "گەورەترین هەڵەی ستراتیژیی دوای ساڵی ٢٠٠٣" ناو دەبات و دەڵێت "کەرکووک بە سەپاندن بەڕێوە ناچێت، بەڵکو بە هاوسەنگی و پاراستنی سەرجەم پێکهاتەکان بەڕێوە دەبرێت". دەربارەى ئەو قسەیەى پێشووى کە وتى "بە ئیرادەی ئەردۆغان" پۆستى پارێزگارى وەرگرتووە، دەڵێت "قسەکەم بە هەڵە وەرگێڕدراوە".
محەمەد سەمعان ئاغا، پارێزگاری کەرکووک لە پێکهاتەى تورکمان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (عێراقیە)، دەڵێت "کەرکووک پێویستی بە شێوازێکى تایبەتی حوکمڕانی هەیە، کە لەسەر بنەمای هاوسەنگیی نێوان پێکهاتەکان بێت".
سەمعان پێى وایە کە دەکرێت پۆستی پارێزگارى کەرکووک "هەموو دوو یان سێ ساڵ جارێک" لەنێوان پێکهاتەکاندا ئاڵوگۆڕ بکرێت. هەروەها لە دابەشکردنى پۆستەکاندا پشت بە بە "ڕێژەی ٣٢%" بۆ هەر پێکهاتەیەک (کورد، عەرەب، تورکمان) ببەسترێت. ئەوەش بە "گرەنتیکردنى بەشداریی ڕاستەقینە و دادپەروەرانە" ناو دەبات.
هەفتەی ڕابردوو لە کاتى بەشدارى لە کۆبوونەوەى (یەکێتیی شارەوانییەکانی جیهانی تورک- TDBB) کە لە شاری قۆنیای تورکیا بەڕێوە چوو، پارێزگارە تورکمانەکەى کەرکووک وتارێکى پێشکەش کرد. ئاژانسی ئەنادۆڵى تورکى بڵاوى کردەوە کە محەمەد سەمعان وتوویەتى "هەڵبژاردنەوەی پارێزگارێکی تورکمان لە کەرکووک دوای ١٠٢ ساڵ، بە ئیرادەی سەرۆککۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بۆ ئێمە و هەموومان زۆر واتادارە". ئەو قسە لە ناوخۆى عێر اقدا کاردانەوەى بەدوادا هات.
سەمعان لە گفتوگۆکەى لەگەڵ کەناڵى عێراقییە دەڵێت "قسەکانم بە هەڵە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبی". دەشڵێت "ڕاسپاردنم بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک، تەنیا بڕیارێکی عێراقی و بە پێکهاتنى نیشتمانی بووە، سەروەریی عێراق بە جوگرافیا و بە سروود و ئاڵامانەوە هێڵی سوورە".
"من لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە دەنگی ١٢ ئەندام هەڵبژێردراوم. لە کۆی ١٦ ئەندام، ١٤ ئەندام لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوون (برایانی پارتی بەشدار نەبوون). لە کەس قبووڵ ناکەین موزایەدەی نیشتمانپەروەریمان بەسەردا بکات"، پارێزگارى کەرکووک وا دەڵێت.