پەرەگراف - ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بە بڕیارێک مۆڵەتى بێ مووچەى بۆ دوو ساڵ کەم کردەوە و بڕیارى پێشووى هەڵوەشاندەوە کە ڕێگەى بە فەرمانبەران دەدا پێنج ساڵ مۆڵەتى بێ مووچە بکەن.
بڕیارەکە بە ژمارە ٣٠٠ لە کۆبوونەوەى ڕۆژى ٢٢/٠٧/٢٠٢٦ دەرکرا و واژووی مەسروور بارزانی لەسەرە. لە خاڵى یەکەمیدا هاتووە "وەزیر و سەرۆکی دەستەی نەبەستراو بە وەزارەت، مافی پێدانی (مۆڵەتی ئاسایی بێ مووچە) یان بە فەرمانبەران لە کاتی پێویستدا هەیە، بە مەرجێک ماوەی مۆڵەتەکە لە دوو ساڵ تێپەڕ نەکات.
خاڵى دووەمى بڕیارەکە جەخت دەکاتەوە کە" ماوەی مۆڵەتی هاتوو لە بڕگەی ١ـی سەرەوە، بۆ هیچ مەبەستێکی خزمەت و خانەنشینی هەژمار ناکرێت ".
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران (ژمارە ٣٨ لە ٠٥/٠٤/٢٠١٥) ڕادەگیرێت.
سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی کە لە پێش بەکاربوونی ئەم بڕیارە مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە، ئەنجوومەنى وەزیران دەڵێت" بە بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت تا تەواوبوونی ماوەی مۆڵەتەکەیان و ئیتر جارێکی دیکە نوێ ناکرێتەوە".
ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژەى ڕاسپاردووە بۆ دەرکردنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
بەپێى بڕیارى پێشووى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێم کە ١١ ساڵ لەمەوبەر دەرکراوە، فەرمانبەران مافى ئەوەیان هەبوو کە پێنج ساڵ مۆڵەتى بێ مووچە بکەن و دووبارە نوێیشى بکەنەوە، بەڵام مۆڵەتى بێ مووچە بۆ مامۆستایان دوو ساڵ بوو.