حکومەتى هەرێمى کوردستان: کۆمپانیاى دانەغاز بەبێ ڕەزامەندیى حکومەتى هەرێم غازى کۆرمۆر دەدات بە عێراق

06-08-2026 09:38

پەرەگراف - حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەردوو کۆمپانیای کرێسنت پترۆلیۆم و دانەغاز، بەبێ ڕەزامەندیى حکومەتى هەرێم، دەستیان کردووە بە دابینکردنی غازی سروشتی لە کۆرمۆرەوە بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق بەمەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا. حکومەتى هەرێم لەو کارە نیگەرانە و دەڵێت "سەرجەم ڕێوشوێنە گونجاوەکان دەگرینەبەر بۆ پاراستنی مافەکانمان بەپێی گرێبەست".

بەپێى ڕاگەیەندراوى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەو دوو کۆمپانیا کە کارپێکەری هاوبەشی کێڵگەی کۆرمۆرن، لە ٤ـى ئابی ٢٠٢٦ حکومەتی هەرێمی کوردستانیان ئاگادار کردووەتەوە کە دەستیان کردووە بە دابینکردنی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق بەمەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا.

حکومەتی هەرێم، ڕاگەیەندراوە فەرمییەکەی کۆمپانیاکانیش ڕەت دەکاتەوە کە تیایدا سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ پاڵپشتیکردنی ڕێکارەکانی دابینکردنی غاز و دەڵێت "حکومەتی هەرێم نە ڕەزامەندیی دەربڕیوە، نە ڕێگەی بەم هەنگاوە داوە. هەر ئاماژەیەک بەوەی کە پشتیوانی یان پاڵپشتی لە بڕیارە تاکلایەنانەکەی کارپێکەرەکان کردبێت، ناڕاست و چەواشەکارانەیە".

حکومەتی هەرێم لەگەڵ جەخت کردنەوە لەسەر ئەوەى کە "هەرگیز دژی دابینکردنی غاز یان کارەبا بۆ هیچ بەشێکی عێراق نەبووە"، بەڵام دەڵێت "بەو مەرجەی ئەو جۆرە ڕێکخستنانە بە پابەندبوونی تەواو بە چوارچێوەی گرێبەستە کارپێکراوەکان و بە ڕەزامەندیی حکومەتی هەرێم وەک لایەنی گرێبەستکار ئەنجام بدرێن".

دەقى ڕاگەیەندراوى حکومەتى هەرێمى کوردستان:

لە ٤ی ئابی ٢٠٢٦، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەردوو کۆمپانیای کرێسنت پترۆلیۆم و دانا غاز، کە کارپێکەری هاوبەشی کێڵگەی کۆرمۆرن، ئاگادارکرایەوە کە دەستیان کردووە بە دابینکردنی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا. حکومەتی هەرێم ئەم ئاگادارکردنەوەیەی تەنها لە کاتی ڕاگەیاندنی فەرمی کۆمپانیاکاندا پێگەیشت.

وەک قەوارەیەکی دەستووری و دانەبڕاو لە کۆماری فیدراڵیی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پابەند بووە بە بەهێزکردنی ئاسایشی وزە لە هەرێمی کوردستان و عێراق. ئەم ئامانجەی لە ڕێگەی وەبەرهێنانی گەورە لە ژێرخانی وزە و خستنەگەڕی ئەو ژێرخانە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەموو عێراقییەکانی کردووە. حکومەتی هەرێم هەرگیز دژی دابینکردنی غاز یان کارەبا بۆ هیچ بەشێکی عێراق نەبووە، بەو مەرجەی ئەو جۆرە ڕێکخستنانە بە پابەندبوونی تەواو بە چوارچێوەی گرێبەستە کارپێکراوەکان و بە ڕەزامەندیی حکومەتی هەرێم وەک لایەنی گرێبەستکار ئەنجام بدرێن.

حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی پێشکەوتنی بەرچاویان لە بەهێزکردنی هاوکارییەکان لە کەرتی وزەدا بەدەستهێناوە. لە پاشخانی ئەم کەشە ئەرێنییەدا، بڕیاری تاکلایەنانەی کۆمپانیاکان بۆ دەستپێکردنی دابینکردنی غاز بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی هەرێم و لە دەرەوەی ئەو چوارچێوە گرێبەستییەی کە پرۆژەی کۆرمۆر بەڕێوەدەبات، بە پێشێلکردنی گرێبەستەکە هەژمار دەکرێت، هەروەها دەستوەردانێکی بێپاساوە بۆ ئەو رێکارە دامەزراوەییانەی کە پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی ڕێکدەخەن.

کرداری کۆمپانیاکان بە تایبەت، بووە مایەی نیگەرانی چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار داوای گازی سروشتی زیاتری بۆ دامەزاروەکانی وزەی هەرێم، کە پێویستییان بە بڕی زیاتری گازی سروشتی هەیە، کردووە. ئەم داوایە لە پێناو دابین کردنی وزەی کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق بووە. بەلام بە داخەوە لە جیاتی هاوکاری و هەماهەنگی لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدان و گەیشتن بە ئەم ئامانجە، کۆمپانیاکانی کرێسنت و دانا گاز بڕیاری تاک لایەنەیان دا کە خزمەت بە ئەم مەبەستە ناکات.

حکومەتی هەرێم، ڕاگەیەندراوە فەرمییەکەی کۆمپانیاکان ڕەتدەکاتەوە کە تیایدا سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ پاڵپشتیکردنی رێکارەکانی دابینکردنی غاز. حکومەتی هەرێم نە ڕەزامەندی دەربڕیوە و نە ڕێگەی بەم هەنگاوە داوە، و هەر ئاماژەیەک بەوەی کە پشتیوانی یان پاڵپشتی لە بڕیارە تاکلایەنانەکەی کارپێکەرەکان کردبێت، ناڕاست و چەواشەکارانەیە.

حکومەتی هەرێم ئێستا هەڵسەنگاندنی لێکەوتە یاسایی، گرێبەستی و کارپێکردنەکانی کردارەکانی کۆمپانیاکان دەکات و سەرجەم ڕێوشوێنە گونجاوەکان دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی مافەکانی بەپێی گرێبەست، هەروەها پاراستنی ئەو چوارچێوە گرێبەستییەی کە پرۆژەی کۆرمۆر بەڕێوەدەبات و پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق لە سێکتەری وزە.

حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی غاز و کارەبا لە ڕێگەی ئەو رێکارانەی کە لەسەری ڕێککەوتوون، و لە ڕووی گرێبەستییەوە گونجاون و لە بەرژەوەندی خەڵکدان.