ڕوونكردنەوەكەی گۆڕان ئەوە نەبوو كە "بڕیاری لێدرابوو"، پەرلەمانتارەكانی خۆیی نیگەران كرد

19-06-2019 10:03


پەرەگراف

بڕیاربووە بزووتنەوەی گۆڕان بە بەیاننامەیەك پشتیوانیی ئەو ڕەخنەو داواكارییانە بكات كە پەرلەمانتارەكانی لە بەغداد ئاڕاستەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی دەكەن، ئەوەش وەك وەڵامێك بۆ هێمن هەورامی كە هێرشی كردبووە سەر پەرلەمانتارە ڕەخنەگرەكانی گۆڕان، بەڵام ڕوونكردنەوەیەك لە گۆڕانەوە بە ناوەڕۆكێكی جیاوازەوە بڵاوكرایەوەو پەرلەمانتارەكانی خۆیی نیگەران كرد.

ڕەخنەی پەرلەمانتارەكانی گۆڕان نیگەرانیی پارتی لێكەوتووەتەوە لە كاتێكدا ئەو دوو حیزبە ڕێككەوتنیان واژۆ كردووە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم، پەرلەمانتاران دەڵێن، ڕێككەوتنیان بە مانای بێدەنگبوون نییە لە گەندەڵی‌و خراپەكاریی.

دوو سەرچاوەی بەرپرس لە بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پەرەگراف تەئكیدیان لەوە كردەوە، بڕیاربووە گۆڕان بەیاننامە بۆ پشتیوانیی پەرلەمانتارەكانی بڵاوبكاتەوە‌و وەك وەڵامدانەوەیەك بێت بۆ لێدوانەكانی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە كەناڵی كوردستان 24 كە تێیدا هێرشی كردەسەر پەرلەمانتارە ڕەخنەگرەكانی گۆڕان.

بەرپرسانی گۆڕان‌و پەرلەمانتارەكانیان نازانن بۆچی ناوەڕۆكی بەیاننامەكەی بزووتنەوەكەیان بەوجۆرە نەبووەو گۆڕدراوە، بەرپرسێكی گۆڕان وتی "هەندێك لە ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن موجامەلەی پارتی دەكەن، پێدەچێت كاریگەریی ئەوەبێت بەسەر بەیاننامەكەوە".

لەبارەی هۆكارو چۆنیەتی گۆڕینی ناوەڕۆكی بەیاننامەكەی گۆڕان، بەرپرسێكی دیكەی ئەو بزووتنەوەیە دەڵێت"نازانین چۆن جیاواز لەوە بڵاوكرایەوە كە چاوەڕوان دەكرا، بە قودرەتی قادر گۆڕدراوە".

گۆڕان لە ڕوونكردنەوەكەیدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردەوە، لەگەڵئەوەی ڕەخنەگرتن بە "زمانی گوڵ" بە شتێكی حەیاتیی بۆ بزووتنەوەكەیان ناو دەبات، هاوكات دەڵێت "هەر ڕەخنەیەك لەلایەن هەڵسوڕاوانی حیزبی و حكومەت و پەرلەمانەوە بگیرێ بە ناڕەوا بۆ مەرام و بەرژەوەندی كەسێتی، بۆ خۆنواندن و خۆدەرخستن، و بە زمانێكی ناشایستە و ناشارستانی ئاڕاستەی كەس و لایەن و دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم بكرێ، گوزارشت لە سیاسەت و بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان ناكات، بەڵكو ڕەتیشی دەكاتەوە".

ڕاستەوخۆ دوای بڵاوكردنەوەی ڕوونكردنەوەكەی گۆڕان، هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كە یەكێكە لە پەرلەمانتارە ڕەخنەگرەكانی گۆڕان، بەیاننامەی بزووتنەوەكەیی ڕەتكردەوە.

ئەو پەرلەمانتارە بۆ پەرەگراف وتی "تەنانەت نەگوتراوە پێویستە حكومەتی هەرێم پابەندبێت بە یاسای بودجەی عێراقەوە"، بەپێی یاسای بودجە دەبێت هەرێم ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغداد بكات لە بەرامبەر ناردنی بودجەی هەرێم، بەڵام تائێستا هەرێم پابەندی ئەوە نەبووە، هەربۆیە بەغداد بودجەكە نانێرێت‌و تەنها بڕەپارەیەك بۆ مووچەی فەرمانبەران دەنێرێت كە دەكاتە نزیكەی نیوەی پارەی پێویست بۆ مووچەی كۆی فەرمانبەران.

هەركاتێك ڕەخنە لە گەندەڵیی‌و ناشەفافیەت، یاخود خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات دەگیرێت لە كوردستان، ڕاستەوخۆ ڕووی ڕەخنەو تۆمەتەكان لە پارتییە، بەوپێیەی بەوپێیەی جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵات بەتایبەت مەلەفی نەوت لەدەست ئەو حیزبەدایە.

ڕەخنەگران لەناویاندا پەرلەمانتارەكانی گۆڕان لە بەغداد، داوای شەفافیەت‌و چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد دەكەن بەپێی یاساو دەستور نەك ڕێككەوتن، ئەوەش بۆئەوەی گرەنتی ڕوونەدانی كێشەو نەبڕینی بودجەی هەرێم بكرێت.

هۆشیار عەبدوڵا لە وەڵامی ڕوونكردنەوەكەی گۆڕاندا، لە ڕونكردنەوەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ پەرەگراف ناردووە، دەڵێت "بزوتنەوەی گۆڕان لە دامەزراندنیەوە دژی ناشەفافیەت و بەهەدەردانی سامانی هەرێمی كوردستان بوە و هەرگیز لە سیاسەتی نەوتی هەرێم كە پڕیەتی لە تاڵان و بڕۆ ڕازی نەبوە و بەردەوامیش داوای گۆڕینی ڕیشەیی تێداكردوە".

ئەوە لەكاتێكدایە گۆڕان لە ڕوونكردنەوەكەیدا لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە، بە مافیی هەرێمی دەزانێت تا دەركردنی یاسا لە بەغدادەوە، هەرێم نەوت‌و غاز بەرهەم بهێنێ‌و ئیدارەی سامانە سروشتییەكەی بكات‌و تەئكید لە شەفافیەت لەو پڕۆسەیە دەكاتەوە.

پەرلەمانتاران بە تووندی دژی ئەو سیاسەتەن كە حكومەتی هەرێم لە دۆسیەی نەوتدا پەیڕەویی دەكات، هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت "هەر داكۆكیەك لە سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان بەم شێوازەی ئێستای لە دیدی بەندەدا تاوانێكی نیشتیمانیی گەورەیە".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئەوەش دەخاتە ڕوو، ئەوان داكۆكی لە مافی دەستوریی هەرێم دەكەن لە بواری نەوت‌و وزەو چۆنێتی دابەشكردنی داهات، "بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە بێدەنگ بین لەوەی لە ناوخۆی هەرێمدا خراپ مامەڵەی پێوەبكرێت".

دەرهێنان‌و هەناردەكردن‌و داهاتی نەوت لە هەرێمی كوردستان، یەكێك لەو پرسانەیە كە بەردەوام ڕوبەڕوی ڕەخنەی خەڵك‌و حیزبەكان دەبێتەوە، گۆڕان ساڵانی ڕابردوو زۆرترین ڕەخنەو تۆمەتی ئاڕاستەی ئەو دۆسیەیە كردووەو وەك سەرمەشقی ڕەخنەگران خۆی دەرخستووە، هاوكات چەندین پڕۆژەی هەبووە بۆ چاكسازیی لەو دۆسیەیەدا.

لە ڕوونكردنەوەكەی ئەمڕۆیدا گۆڕان هەندێك لە ڕەخنەكانی پەرلەمانتارو هەڵسوڕاوەكانی بە كارێك بۆ "خۆدەرخستن" ناودەبات، لە وەڵامدا هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت "ئەوانەی دژی ئەجێندای مافیاكانی نەوت دەوەستنەوە خەریكی خۆنواندن و موزایەدە نین بەڵكو ملیان لە چەقۆ دەسون و موجازەفە بە ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیانەوە دەكەن ئەوەش تەنها لە پێناوی گوتنی ڕاستیەكاندا، چونكە لە ئێستادا و لەم سەردەمە تاریكەی هەرێمدا هیچ شتێك لەوە ئاسانتر نیە بێدەنگ بیت و دەست بەكڵاوەكەتەوە بگری با نەیبات، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان لەدایكبو بۆ ئەوەی كۆتایی بە بێدەنگی بهێنێت و دەبێ هەرواش بمێنێتەوە".

"لێرەوە سەرلەبەری ئەو نەفەسە ڕەتدەكەمەوە كە ڕونكردنەوەكەی ئەمڕۆ(چوارشەممە)ی بزوتنەوەی گۆڕانی پێنوسراوە، ئەم جۆرە لە پاكانەكردن بۆ سیاسەتی پڕ تاڵانی نەوتی هەرێم بزوتنەوەی گۆڕان بێبەرییە لێی جا هەر كەسێك لە هەر ئاستێكی بزوتنەوەكەدا نوسیبێتی" هۆشیار عەبدوڵا وادەڵێت، دەشڵێت "چاوەڕێبوین‌و (بڕیاریش وابو)! كە گۆڕان بە ڕونكردنەوەیەك پشتیوانی هەوڵەكانمان بێت نەك بە كۆمەڵێك قسەی لاستیكی داكۆكی لە سیاسەتی نەوتی هەرێم بكات و هیچ ئاماژەیەك بەو هەمو تاڵانی و تاوانە نەدات كە بە نەوت و داهاتەكەیەوە دژی خەڵكی كوردستان كراو و دەكرێت".