وەزیری نەوتی عێراق: حکومەتی هەرێم وتی 50 هەزار بەرمیل نەوتمان بدەنێ خۆمان سووتەمەنیی ناوخۆ دابین دەکەین
پەرەگراف - وەزیری نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئامادەن ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەکە لە هەرێمی کوردستان وەربگرنەوە و خۆیان بەنزین و بەهەمە نەوتییەکانی دیکە بۆ پێداویستیی ناوخۆی هەرێم بە هەمان نرخی پاڵپشتیکراوی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دابین بکەن.
باسم محەمەد، وەزیری نەوتی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغداد جەختیشی کردەوە کە لە کاتی ڕێککەوتنە سێقۆڵییەکەدا ئەو پێشنیازە خراوەتە بەردەم حکومەتی هەرێم، بەڵام ئەوان وتوویانە "ڕۆژانە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتمان بۆ دابین بکەن، ئێمە خۆمان پاڵاوگەمان هەیە و بەرپرسیارێتیی دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ ناوخۆ لە ئەستۆ دەگرین".
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق، حکومەتی هەرێم سەرجەم نەوتی بەرهەمهێنراوی خۆی ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق دەکات، جگە لە ٥٠ هەزار بەرمیل کە بۆ پێداویستیی ناوخۆی هەرێم لە بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکانی دیکە.
ڕۆژی ٢٧-٠٧-٢٠٢٦، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ئەو ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەی بۆ پێداویستیی ناوخۆی هەرێم دابین کراوووە، "سەپێندراو و نادادپەروەرانەیە" و پێویستە زیاد بکرێت. وتیشی "عێراق ڕۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بە پێداویستیی ناوخۆ دابین دەکات، پشکی هەرێم بەپێی ١٢.٦٧%، دەبێت ١٢٦ هەزار و ٧٠٠ بەرمیل بێت".
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا ئامادەن پشکی هەرێم زیاد بکەن؟ وەزیری نەوتی عێرق وتی "لە ڕۆژانی داهاتوودا (لەگەڵ حکومەتی هەرێم) گفتوگۆی زیاتر لەوبارەیەوە دەکەین و دەگەینە ڕێککەوتن".
حکومەتی عێراق بەنزین بە نرخی ٤٥٠ دینار و بەرهەمەکانی دیکەش لە نەوت و گاز و غاز بە نرخی پاڵپشتیکراوی هەرزان بۆ هاووڵاتیان دابین دەکات، بەڵام حکومەتی هەرێم لیتری بەنزین بە ٧٥٠ دینار دەداتە شۆفێران، سەرباری کەمیی بڕەکەی و خراپیی کوالێتییەکەی. بەنزینی بازرگانیش لە ماوەی یەکدوو هەفتەدا بۆ نزیکەی دوو هێێندەی نرخی پێشووی بەرز بووەتە.
بەپێى نوێترین نرخى بەنزین لە بەنزینخانەکانى شارى هەولێرى هەرێمى کوردستان، ئەمڕۆ نرخى یەک لیتر بەنزینى نۆرماڵى بارزگانى گەیشتووەتە ١٦٩٠ دینار، موحەسەن ٢١٩٠ دینار و سوپەر ٢٣٩٠، هەروەها گازوایل ١٣٩٠ دینار، تەنیا نرخى غاز لە ئاستێکى گونجاودایە کە ٥٢٥ دینارە.