دەستەى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق: ڕێکارە یاساییەکان بۆ ڕاگرتنى کارکردنى کۆڕەک بەردەوامە

09-08-2026 11:30

پەرەگراف - دەستەى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق ڕایگەیاند، بەردەوام دەبێت لە "تەواوکردن و جێبەجێکردن" ـی هەموو ڕێکارە یاساییە پێویستەکان بۆ ڕاگرتنی کارکردنی تۆڕی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم. دەستەکە جارێکى دیکە بەشداربووانی کۆڕەک ئاگادار دەکاتەوە کە باڵانس و هیچ خزمەتگوزارییەکى کۆمپانیاکە نەکڕن و نوێى نەکەنەوە، بۆ ئەوەى لە کاتى داخستنى کۆمپانیاکەدا زەرەمەند نەبن.

ڕێکارەکان بۆ ڕاگرتنى کارەکانى کۆمپانیاى کۆڕەک تیلیکۆم، پەیوەندیى بەو کێشەوە هەیە کە چەند ساڵێکە لەنێوان کۆمپانیاکە و دەستەى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق سەر هەڵداوە، لەسەر قەرزى کەڵەکەبووى سەر کۆڕەک. سەرەتا باس لە بوونى ٨٥٠ ملیار دینار قەرزى دەستەکە لاى کۆمپانیاى کۆڕەک دەکرا، بەڵام دواتر سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند قەرزەکە دوو ترلیۆن دینارە.

بەهۆی کۆتاییهاتنی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم واژۆ کرابوو، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی پێکهاتن (تەسویە) کە لەگەڵیدا کرابوو بەهۆی پێشێلکردنی پابەندییە گرێبەستییەکانی لەلایەن کۆمپانیاکەوە و جێبەجێ نەکردنی پابەندییە یاسایی و داراییەکانی، و ئەوەی لێی کەوتەوە لە گرتنەبەری ڕێکارە یاسایی، دارایی و کارگێڕییە پێویستەکان لەلایەن دەستەکەوە دژی کۆمپانیاکە

دەستەى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق لە ڕاگەیەندراوێکى شەش خاڵیدا، داوایش لە هەموو بەشداربووانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم دەکات، سیمکارتەکانیان لای خۆیان بپارێزن و فڕێی نەدەن، یان ڕادەستی هیچ لایەنێکی نەکەن، لەپێناو پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانیان.

لە خاڵێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە هەموو فەرمانبەرانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و ئەو لایەنانەی گرێبەستیان لەگەڵیدا هەیە، کراوە کە پێویستە هەموو موڵک و سامانی کۆمپانیاکە بپارێزن، هەروەها داتا و زانیارییە کەسی، دارایی و یاساییەکانی کۆمپانیاکە بپارێزن و خۆیان بەدوور بگرن لە ئاشکراکردن، دزەپێکردن و کۆپیکردنیان.

هەروەها داوا لە خاوەنى ئەو زەوی و موڵکانە کراوە کە تاوەرەکانی کۆمپانیاى کۆڕەکیان تێدایە، تاوەرەکان و ئەو ئامێر و کەلوپەلانەی تێیاندایە بپارێزن. دەستەکە دەشڵێت "ڕێگە نەدەن بە فەرمانبەرانی کۆڕەک یان ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵیدا هەیە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، کە بچنە ناو تاوەرەکان، یان هەر ئامێر و کەلوپەلێکی ناو تاوەرەکان بگوازنەوە، لێکی بکەنەوە و دەستکاریی بکەن، مەگەر بە ڕەزامەندیی فەرمیی دەستەکە بێت".

دەقى ڕاگەیەندراوى دەستەى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق:

پاڵپشت بەو دەسەڵاتانەی کە بە دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن دراون، بەپێی بەشی نۆیەمی فەرمانی ٦٥ـی ساڵی ٢٠٠٤، لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی لە ڕێکخستنی کەرتی گەیاندن و تەکنەلۆژیای زانیاری و پاراستنی مافی بەشداربووان، بەهۆی کۆتاییهاتنی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم واژوو کرابوو و پێشێلکردنی پابەندییە گرێبەستییەکان لەلایەن کۆمپانیاکەوە و جێبەجێنەکردنی پابەندییە یاسایی و داراییەکانی، دەستەى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق دەیەوێت سەرجەم بەشداربووان لەم خاڵانەی خوارەوە ئاگادار بکاتەوە: یەکەم: دەستەکە جەخت دەکاتەوە لە بەردەوامبوونی لە تەواوکردن و جێبەجێکردنی هەموو ڕێکارە یاسایی و ڕێکخراوەییە پێویستەکان بۆ ڕاگرتنی کارکردنی تۆڕی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، لەوانەش ڕاگرتنی کارپێکردنی هەموو پێکهاتەکانی تۆڕ، ئامێرەکان و سیستەمەکانی سەر بە کۆمپانیاکە، ئەوەش بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی لە فەرمانی ٦٥ـی ساڵی ٢٠٠٤ و یاسا کارپێکراوەکاندا پێی دراوە، بەشێوەیەک کە جێبەجێکردنی بڕیار و ڕێکارە یاساییە گیراوەبەرەکان دژی کۆمپانیاکە مسۆگەر بکات.

دووەم: دەستەکە جەخت لە ئاگادارکردنەوەکانی پێشووی دەکاتەوە کە ئاراستەی هەموو بەشداربووانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم کراوە لە (تاکەکان، دامەزراوە حکومییەکان و کەرتی تایبەت)، بەوەی کە پێویستە خۆیان بپارێزن لە نوێکردنەوەی بەشداریکردن، پڕکردنەوەی باڵانس، یان بەشداریکردن لە هەر خزمەتگوزارییەکی نوێ کە کۆمپانیاکە پێشکەشی دەکات، هەروەها نەدانی هیچ بڕە پارەیەک یان شایستەیەکی دارایی بە کۆمپانیاکە، ئەمەش بۆ ئەوەی دوور بن لە هەر زیانێکی دارایی کە لەوانەیە لە ئەنجامی ڕاگرتنی تەواوەتیی خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکە و ڕێکارە یاساییەکانەوە بێتە ئارواە.

سێیەم: دەستەکە داوا لە هەموو بەشداربووانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم دەکات سیمکارتەکانیان لای خۆیان بپارێزن و فڕێی نەدەن، یان ڕادەستی هیچ لایەنێکی نەکەن، لەپێناو پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانیان. دواتر هەر ڕێکار یان ڕێنماییەکی تایبەت بەوان لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی دەستەکە و پلاتفۆرمە فەرمییەکانیەوە ڕادەگەیەنرێت.

چوارەم: دەستەکە جەخت دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە دەرکردنی ڕێنمایی و ڕێساکانی پەیوەست بە میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم ڕێکارانە و دیاریکردنی کاتەکانیان، داوا لە هەموو بەشداربووان دەکات بەدواداچوون بۆ ماڵپەڕی فەرمیی دەستەکە و پلاتفۆرمە فەرمییەکانی بکەن بۆ ئاگاداربوون لە هەر پێشهات یان ڕێنماییەک کە لەمبارەیەوە دەردەچێت.

پێنجەم: دەستەکە داوا لە هەموو فەرمانبەرانی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم و ئەو لایەنانەی گرێبەستیان لەگەڵیدا هەیە، دەکات، کە پێویستە هەموو موڵک و سامانی کۆمپانیاکە بپارێزن، هەروەها داتا و زانیارییە کەسی، دارایی و یاساییەکانی کۆمپانیاکە بپارێزن، خۆیان بەدوور بگرن لە ئاشکراکردن، دزەپێکردن، کۆپیکردن یان تاوتوێکردنی هەر داتا، زانیاری، بەڵگەنامە یان تۆمارێکی پەیوەست بە کۆمپانیاکە بەبێ بنەمای یاسایی، چونکە هەر سەرپێچییەک لەمەدا، ئەنجامدەرەکەی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکاتەوە بەپێی یاسا کارپێکراوەکان.

شەشەم: دەستەکە داوا لە خاوەن ئەو زەوی و موڵکانە دەکات کە تاوەرەکانی گەیاندنیان تێدایە، تاوەرەکان و ئەو ئامێر و کەلوپەلانەی تێیاندایە بپارێزن. خاوەن موڵک بەرپرسیارێتیی تەواوی یاسایی هەر ونبوون، دەستکاریکردن، زیانگەیاندن یان زیانی ماددی دەگرێتە ئەستۆ کە بەریان بکەوێت. هەروەها داوایان لێ دەکات هاوکاری دەستەکە و لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان بن لە جێبەجێکردنی یاسادا، بەوەی ڕێگە نەدەن بە فەرمانبەرانی کۆڕەک یان یەکێک لەو کۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵیدا هەیە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ هەمان کۆمپانیا، کە بچنە ناو تاوەرەکان یان هەر ئامێر و کەلوپەلێکی ناو تاوەرەکان بگوازنەوە، لێکی بکەنەوە یان دەستکاریی بکەن، مەگەر بە ڕەزامەندیی فەرمیی دەستەکە بێت، ئەمەش بۆ پاراستنی سامانی گشتی و دەستەبەرکردنی وەرگرتنەوەی مافەکان و جێبەجێکردنی بڕیارە کارپێکراوەکان.

دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن جەخت دەکاتەوە کە هەموو ئەو ڕێکارە یاساییانەی دژی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم گیراونەتە بەر، پاڵپشتن بە حوکمەکانی فەرمانی ٦٥ـی ساڵی ٢٠٠٤ و یاسا و پەیڕەو و ڕێنماییە کارپێکراوەکان، لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتە یاساییانەدا پیادە دەکرێن کە پێی دراوە، بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی مافی بەشداربووان و دڵنیابوونەوە لە ڕێکخستنی دروستی کەرتی گەیاندن و بەردەوامیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی لە کۆماری عێراقدا.

دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن