پەرەگراف - وتەبێژى حکومەتى عێراق جەخت دەکاتەوە کە مووچەی فەرمانبەران "بە تەواوی دابین کراوە و گرەنتی كراوە". ڕایشیدەگەیەنێت "دابەشکردنى مووچە بە ٤٥ ڕۆژ جارێک، تەنیا دەنگۆیە و دوورە لە ڕاستییەوە".
حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، ئاماژە بەوە دەکات کە تا ئێستا حکومەت پەنای بۆ قەرزکردنی دەرەکی نەبردووە. بەڵام وتیشى "پێشنیازێک لە ئەنجوومەنی نوێنەران هەیە سەبارەت بە قەرزکردن".
دوێنێ یەکشەممە ٠٩-٠٨-٢٠٢٦، مەنسوور بعێجى، ئەندامى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، حکومەت پرۆژەیاساى قەرزکردنى بۆ پەرلەمان ناردووە و هەفتەى داهاتوو یەکلا دەکرێتەوە.
ئەو ئەندامەى لیژنەى دارایى ئاشکرایشى کرد کە بەنیازە دوو ملیار دۆلار لە وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا قەرز بکات.
داخستنى گەرووى هورمز و نزیکبوونەوەى هەناردەى نەوتى عێراق لە سفر کە سەرچاوەى هەرە سەرەکیى داهاتى وڵاتەکەیە، بووە بە ئاڵنگارییەکى نوێ لەبەردەم مووچەدا. بۆ تێپەڕاندنى ئەو دۆخە عێراق لە هەوڵدایە ڕێگاى نوێ بۆ هەناردەى نەوت بدۆزێتەوە و هەناردەى نەوتیش لە ڕێگەى تورکیاوە زیاد بکات.