عێراقچى بانگهێشتى بافڵ تاڵەبانى دەکات بۆ تاران

11-08-2026 09:33

پەرەگراف - وەزیرى دەرەوەى ئێران پەیوەندییەکى تەلەفۆنیى لەگەڵ سەرۆکى یەکێتى ئەنجام دا ‏و بانگهێشتى کرد بۆ تاران. بافڵ تاڵەبانى دەڵێت "دیالۆگ و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، ‏کاریگەرترین ڕێگان بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان". ‏

بەپێى ڕاگەیەندراوى نووسینگەى سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانى، بافڵ تاڵەبانی پەیوەندییەکی ‏تەلەفۆنیی لەلایەن عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە پێ گەیشتووە. هەردوولا ‏بیروڕایان دەربارەی "دواپێشهاتە ئەمنی، سیاسی و ئابوورییەکان" ـی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کردووە و ‏تاوتوێی "ڕێگەچارەکانی کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان" ـی ئێستایان کردووە. ‏

بەپێى ڕاگەیەندراوەکە "هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و ‏بەهێزکردنی هەماهەنگی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییە هاوبەشەکاندا" کردووەتەوە. ‏سەرۆکى یەکێتى جەختی لە "گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان وەک ‏کاریگەرترین ڕێگا بەرەو هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان، گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیری ‏کردەوە". ‏

بافڵ تاڵەبانى دەستخۆشیی لە عەباس عێراقچی کردووە بۆ "هەوڵە بەردەوامە دیپلۆماسی و ‏بنیاتنەرەکانی لە گەڕان بەدوای چارەسەری ئاشتییانە بۆ ململانێکان و سەقامگیرییەکی ‏فراوانتردا". ‏

‏ "پەیوەندیی مێژوویی ستراتیژیی" نێوان یەکێتی و ئێران، تەوەرێکى دیکەى گفتوگۆ ‏تەلەفۆنییەکە بووە، کە هەردوولا "پابەندبوونی خۆیان بۆ بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندییە ‏دووقۆڵییەکان و هەماهەنگی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش، دراوسێیەتی باش و ‏سەقامگیریی ناوچەکە" دووپات کردووەتەوە. ‏

‏ "لە درێژەی گفتوگۆکاندا، وەزیری دەرەوەی ئێران بانگهێشتی سەرۆک بافڵی کرد بۆ تاران ‏بەمەبەستی گفتوگۆی زیاتر لەسەر لێکەوتە ئەمنی و ئابوورییەکانی ململانێکان لەسەر ئاستی ‏ناوچەکە و نێودەوڵەتی"، نووسینگەى سەرۆکى یەکێتى لە کۆتایى ڕاگەیەندراوەکەیدا وا دەڵێت. ‏