پەرلەمانتارانى کورد دوو هەوڵى جیاوازیان بۆ چارەسەرى کێشەى بەنزین لە پەرلەمانى عێراق ‏دەست پێ کرد

11-08-2026 11:17

پەرەگراف - پەرلەمانتارانى کورد دوو هەوڵى جیاوازیان بۆ چارەسەرى کێشەى بەنزین لە پەرلەمانى عێراق ‏دەست پێ کرد. زیادکردنى پشکى نەوتى خاوى هەرێم لە ٥٠ بۆ ١٤٠ هەزار بەرمیلى ڕۆژانە ‏پرۆژەى پەرلەمانتارێکى پارتییە، ڕادەستکردنەوەى ٥٠ هەزار بەرمیلەکە و دابینکردنى بەنزین ‏و گازوایل و نەوتی سپی لەلایەن عێراقەوە پرۆژەى پەرلەمانتارێکى نەوەى نوێیە. ‏

کاوە عەبدولقادر، پەرلەمانتارى نەوەى نوێ، نووسراوێکى بە واژووى ١٠١ پەرلەمانتارەوە ‏ئاراستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق کردووە. تێیدا ئاماژە بە ئامادەیی دەربڕیى وەزارەتی ‏نەوتی عێراق، داوا دەکات ئەو ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەى بۆ پێداویستیى ناوخۆ بە هەرێمى ‏کوردستان دراوە، وەربگیرێتەوە و وەزارەتى نەوت پابەند بکرێت بە دابینکردنى (بەنزین، ‏گازوایل و نەوتی سپی) بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەى پارێزگاکانى دیکەى ‏عێراق. ‏

نووسراوەکە جەختى کردووەتەوە لە گرتنەبەری تەواوی ڕێکارە پێویستەکان بۆ یەکخستنی ‏نرخی بەرهەمە نەوتییەکان، بە جۆرێک سووتەمەنى بە نرخى پاڵپشتیکراو بۆ هاووڵاتیانى ‏هەرێمیش دابین بکرێت، بەتایبەت بەنزینى ٤٥٠ دینارى کە هاووڵاتیانى ناوەڕاست و خوارووى ‏عێراق لێى سوودمەندن. ‏

لە هەوڵى دووەمدا، سیپان شێروانى، پەرلەمانتارى پارتى، نووسراوێکى بە واژووى ١٤٩ ‏پەرلەمانتارەوە ئاراستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمان کردووە و تێیدا هاتووە "ئێمەی واژووکەرانی ‏خوارەوە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، داوای زیادکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە ‏نەوتی خاو کە بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی تەرخانکراوە دەکەین، لە (٥٠,٠٠٠) بەرمیلەوە بۆ ‏‏ (١٤٠,٠٠٠) بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەشێوەیەک کە لەگەڵ ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بگونجێت ‏کە نزیکەی ١٤٪ی کۆی گشتی دانیشتووانی عێراقە". ‏

هەروەها بژاردەیەکى دیکەى پێشنیازەکە ئەوەیە کە قەرەبووى هەرێم لەو کورتهێنانەدا بە ‏بەرهەمی بەنزین بکرێتەوە لەبرى زیادکردنى نەوتى خاو. ‏

سیپان شێروانى دەڵێت "ئەو پشکەی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخا نکراوە، لەگەڵ ڕێژەی ‏دانیشتووان و پێویستییە ڕاستەقینەکانی ناگونجێت. بۆیە داوا لە بەڕێزتان دەکەین فەرمان ‏بکەن بە گرتنەبەری ڕێکاری پێویست و بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بەنزین لە هەرێمی ‏کوردستان". ‏