نێچیرڤان بارزانی: هیچ پاساوێک بۆ بەرەى موقاوەمە نەماوە کە چەکى لەدەستدا بێت

12-08-2026 06:32

پەرەگراف - سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەرپرسانی ئێران ئامادەییان بۆ هاوکاریکردنى عێراق لە پرۆسەى "کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستى دەوڵەتدا" دەربڕیوە و پێیان وتووە "ئەم پەیامە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق بگەیەنە". دەشڵێت "هیچ پاساوێک بۆ بەرەى موقاوەمە نەماوە کە چەکى لەدەستدا بێت".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆیەکدا کە کاتژمێر ٠٨:٠٠ـى ئەمشەو لە کەناڵى شەرقییە بڵاو دەکرێتەوە، دەڵێت "لەسەر داوای بەڕێز سەرۆکوەزیرانى عێراق، لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی قسەمان لەسەر ئەو بابەتە (کۆنترۆڵکردنى چەک لە دەستى دەوڵەتدا) کرد. زۆر ڕاشکاوانە دەڵێم، بەرپرسانی ئێرانى وتیان کە ئەم پەیامە بە بەڕێز سەرۆکوەزیران بگەیەنە: ئێمە ئامادەین بۆ هاوکاریی بەڕێزیان لەم بابەتەدا".

سەرۆکى هەرێم لە گفتوگۆکەدا کە بەشێکى بڵاو کراوەتەوە، جەخت دەکاتەوە کە بەرپرسە ئێرانییەکان پێیان وتووە "ئەمە هەڵوێستی فەرمیمانە".

نێچیرڤان بارزانى دەشپرسێت: موقاوەمە لەپێناو چى؟ با بێن دابنیشین، یەکێک لەو ئامانجانە بە من بڵێن کە بەدەستیان هێناوە (ئامانجە ئەمریکییەکان)؟ دواتر دەڵێت "با ڕاستگۆ بین، هێرشەکانیان کاریگەریی لەسەر ئەمریکییەکان نەبووە، هێندەى کێشەیان بۆ هەرێمى کوردستان دروست کردووە و ژێرخانى ئابوورییان بەئامانج گرتووە کە هى عێراقە و بەڵام لەناو هەرێمدایە".

سەرۆکى هەرێم ئاماژە بە کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە مانگى نۆى ئەمساڵدا دەکات و دەڵێت "ئەمریکا بۆ هاوکاریکردنى عێراق لە دژى داعش هات و ئەرکەکەى تەواو بووە، خۆى بڕیارى داوە بڕوات".

"ڕێزم بۆ ئەوانە هەیە کە خۆیان بە بەرەى موقاوەمە ناو دەبەن، بەڵام ئەم کۆمەڵە چیتر پاساویان نەماوە بۆ ئەوەى چەکیان لەدەستدا بێت. پێویستە چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەت و لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا بێت کە سەرۆکوەزیرانی عێراقە"، نێچیرڤان بارزانى وا دەڵێت.

سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێى وایە سەقامگیریی عێراق لە بەرژەوەندیی ئێرانیشدایە و دەڵێت "بەرژەوەندیی ئێران لە عێراقدا چییە؟ بازرگانی لەگەڵ بکات، کارەبا و گازی پێ بفرۆشێت، ساڵانە ١٥ ملیار دۆلار بازرگانیى لەگەڵ بکات".