زەیدى: ١ـى تشرینى یەکەم عێراق لە سەربازی بیانی و چەکی دەرەوەی دەوڵەت خاڵی دەبێت

13-08-2026 12:26

پەرەگراف - "یەکی تشرینی یەکەمی داهاتوو، لە عێراقدا هیچ سەربازێکی بیانی و هیچ چەکێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەسەڵاتى دەوڵەتدا نامێنێت"، عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانى عێراق، لە کۆبوونەوەى لەگەڵ چارڵز براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) جەختى لەو دوو خاڵە کردووەتەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە ئێوارەى چوارشەممە ١٢-٠٨-٢٠٢٦ لە بەغداد بەڕێوە چووە، عەلى زەیدى جەختی لە پابەندبوون بەو خشتە زەمەنییانە کردووەتەوە کە بەغداد و واشنتن لەسەر ڕێککەوتوون. بەوپێیەش ڕۆژی ٣٠ـى ئەیلوولی داهاتوو وەک وادەیەکی جێگیر و کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و کشانەوەی هێزەکانیان دیارى کراوە.

بەپێى ڕاگەیەندراوى نووسینگەى ڕۆژنامەوانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق، زەیدى وتوویەتى "یەکی تشرینی یەکەمی داهاتوو، ڕۆژێکی نوێ دەبێت لە ڕێڕەوی دەوڵەتی عێراقدا چونکە عێراق بێ هیچ بوونێکی سەربازیی بیانی، سەروەریی بەسەر خاکەکەیدا دەبێت و بەردەوامیش دەبێت لە بونیادنانی توانای ئەمنی و سەربازیی خۆی بە جۆرێک کە بتوانێت پارێزگاری لە ئاسایش و سەقامگیریی خۆی بکات".

سەرۆکوەزیرانى عێراق جەختی کردووەتەوە کە "سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بەپێی یاسا، پارێزگاری لە هەمووان دەکات و دەسەڵات و سەروەریی دەوڵەت بەهێزتر دەکات، هەروەها ئاسایش و سەقامگیری مسۆگەر دەکات و مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ گواستنەوەی عێراق بۆ قۆناغێکی نوێ لە گەشەپێدان و بووژانەوە".

زەیدى و کووپەر جەختیشیان کردووەتەوە کە "پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا بەرەو هاوکاری و هاوبەشی لە بوارە ئابووری، گەشەپێدان و ئەمنییەکان هەنگاو دەنێت، لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر لە سەروەری و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات".