وەزارەتى دارایى هەرێم پلەبەرزکرنەوەى فەرمانبەران دەست پێ دەکاتەوە؛ ١١ ساڵە 'بە نایاسایى' ڕاگیراوە
پەرەگراف - دواى ١١ ساڵ لە ڕاگرتنى بە بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیران و بەشێوەیەکى "نایاسایى"، وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان ڕێکارەکان بۆ دەستپێکردنەوەى پەلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران دەست پێ دەکات.
بەپێى نووسراوێک کە واژووى ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایى و ئابوورى لەسەرە و ئەمڕۆ ١٣-٠٨-٢٠٢٦ ئاراستەى گشت وەزارەتەکان و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت کراوە بۆ جێبەجێکردن، داوا کراوە ڕێکار بگیرێتە بەر بەمەبەستی هەژمارکردن و پلەبەرزکردنەوەی سەرجەم فەرمانبەران لە پلەی ١٠ بۆ پلەی ١، بەپێی ڕێنمایی دارایی ژمارە ٢١ـی ساڵی ٢٠٠٨ کە پاڵپشتە بە یاسای مووچەی فەرمانبەران و کەرتی گشتی.
داوا لە گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە کە تا ڕێکەوتی ٠١-١٠-٢٠٢٦، کارەکانى پلەبەرزکردنەوە تەواو بکەن، تاکو کاری پێویست بکرێت بەمەبەستی جێگیرکردنی مافی فەرمانبەران، بۆ ئەوەى شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانى هەرێم لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ وەربگیرێت.
ڕێکارەکانى دەستپێکردنەوەى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران لە کاتێکدایە کە وەزارەتى دارایى عێراق سەرقاڵى ئامادەکردنى یاساى بودجەیە، بڕیارە ماف و شایستە داراییەکانى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە تەواوى لە یاساى نوێى بودجەدا جێگیر بکرێن.
وەکوو لە نووسراوەکەدا ئاماژەى پێ کراوە، پرۆسەکە ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە ٠١-٠١-٢٠١٦ دواشایستەی پلەبەرزکردنەوەیان بووە، بەڵام "بەهۆی بارودۆخی دارایی هەرێمەوە و بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە ٥٦ لە ٢١-١٢-٢٠١٥ و ڕێنمایی دارایی ژمارە ١١ـی ساڵی ٢٠١٦، پلەبەرزکردنەوەیان ڕاگیرا.
بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێم بۆ ڕاگرتنى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران، لە کاتى خۆیدا کاردانەوەى زۆرى بەدوادا هات و لەلایەن مامۆستایان و فەرمانبەران و پەرلەمانتارانیشەوە بە "نایاسایى" ناو برا، بەوپێیەى پلەبەرزکردنەوە بە یاسا ڕێکخراوە و ڕاگرتنیشى دەبێت بە یاسا بێت، نەک بڕیارێکى حکومەت بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان.
