پەرەگراف - لە کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنیدا لە هەولێر، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنیی عێراق-ئێران گفتوگۆی دەربارەی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە کرد، کە خاڵێکی سەرەکیی لەچەک داماڵینی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگە ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، کۆبوونەوەی لیژنەکە بە سەرۆکایەتیی قاسم عەبودی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بەڕێوە چووە و ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی شاندی هەرێمی کردووە.
نووسینگەی عەبودی دەڵێت "وردەکاری و بڕگەکانی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، تایبەت بە پاراستنی سنوورەکان و ڕێگری لە دزەکردن و قاچاخچێتی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراق".
هەر سەبارەت بە ڕێککەوتنە ئەمنییەکە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر "بەردەوامی پەیوەندی و هەماهەنگی هاوبەش لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە، بەگوێرەی ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و بەو جۆرەی کە خزمە بە بەرژەوەندی و سەروەریی عێراق بکات".
ڕێککەوتنى ئەمنیى نێوان عێراق و ئێران، ڕۆژى ١١-٠٨-٢٠٢٦، لە بەغداد لەنێوان قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەو کاتەى عێراق و عەلی لاریجانی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەو کاتەى ئێران واژوو کرا. تێیدا جەخت لە پاراستنى ئاسایشى سنوورەکان و ڕێگرى و ڕووبەڕووبوونەوەى هەر هەڕەشەیەکى ئەمنى کراوەتەوە. لەچەک داماڵینى حیزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و نیشتەجێکردنیان لە کەمپدا، خاڵێکى سەرەکیى ڕێککەوتنەکەیە.