دۆسیەکەی عەدنان جومەیلی؛ دەست بەسەر زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلارو 200 ملیۆن دینارو 60 کیلۆ زێڕی دیکەدا گیرا

16-08-2026 10:19

پەرەگراف- دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای تاوانەکانی ناوەندیی روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، ئه‌مڕۆ رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دەست بەسەر 20 ملیۆن و 340 هەزار دۆلار و 200 ملیۆن دیناردا گیراوە، جگە لە وەرگرتنەوەی 60 کیلۆ زێڕ و دەستبەسەرداگرتنی 7 ئۆتۆمبێل، لە دۆسیەی تۆمەتباری دەستبەسەرکراو (عەدنان جومەیلی) بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت و تێوەگلاوەکانی دیکەی دۆسیەکە.

بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، رێکارەکانی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی داهاتە داراییەکانی کە لە بەهەدەردانی پڕۆژە جێبەجێکراوەکانی دەست تۆمەتبار و لایەنە تێوەگلاوەکانی دیکە کەوتووە، بووەتەهۆی دەستبەسەرداگرتنی ئەم بڕە پاره و زێڕ و ئۆتۆمبێلانەی ئاماژەیان پێکراوە، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ تێوەگلاوانی دیکە بەردەوامە تاوەکو تەواوکردنی رێکارە یاساییەكان بەرامبەریان.

کۆی گشتی ئەو پارەو زێڕانەی تائێستا لەم دۆسیە فراوانە دەستیان بەسەردا گیراوە گەیشتووەتە؛ 295 ملیار دینار، 44.9 ملیۆن دۆلارو 484 کیلۆ زێڕ لەگەڵ ئۆتۆمبێل و خانو و موڵک و ماڵی دیکە.