زیاتر لە 10 ملیار دینارو 7 قاڵب زێڕ لە ماڵی بریکاری وەزارەتی کارەبا دەستیان بەسەردا گیرا
پەرەگراف- دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاند، زیاتر لە 10 ملیار دینارو 7 قاڵب زێڕ لە ماڵی بریکاری وەزارەتی کارەبا دەستیان بەسەردا گیرا.
دەستەی دەستپاکیی دەڵێت، تیمەکانی دەستە توانییان دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارە و زێڕدا بگرن لە ماڵی ئەو بەرپرسەدا کە تۆمەتبارە بە کەیسی گەندەڵی و دەستکەوتی ناڕەوا.
پارە دەستبەسەرداگیراوەکان بریتین لە (١,١٧٥,٠٠٠,٠٠٠) ملیارێک و سەد و حەفتا و پێنج ملیۆن دیناری عێراقی، و (٥,٨٣٩,٠٠٠) پێنج ملیۆن و هەشت سەد و سی و نۆ هەزار دۆلاری ئەمریکی، جگە لە حەوت قاڵب زێڕ و بڕێک خشڵ.
خالید غازی عەتییە بریکاری وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ کاروباری گواستنەوەو دابەشکردن، ڕۆژی 14ی ئەم مانگە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کرا.
هەر لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، ئەمڕۆ دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای تاوانەکانی ناوەندیی روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دەست بەسەر 20 ملیۆن و 340 هەزار دۆلار و 200 ملیۆن دیناردا گیراوە، جگە لە وەرگرتنەوەی 60 کیلۆ زێڕ و دەستبەسەرداگرتنی 7 ئۆتۆمبێل، لە دۆسیەی تۆمەتباری دەستبەسەرکراو (عەدنان جومەیلی) بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت و تێوەگلاوەکانی دیکەی دۆسیەکە.
بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، رێکارەکانی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی داهاتە داراییەکانی کە لە بەهەدەردانی پڕۆژە جێبەجێکراوەکانی دەست تۆمەتبار و لایەنە تێوەگلاوەکانی دیکە کەوتووە، بووەتەهۆی دەستبەسەرداگرتنی ئەم بڕە پاره و زێڕ و ئۆتۆمبێلانەی ئاماژەیان پێکراوە، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ تێوەگلاوانی دیکە بەردەوامە تاوەکو تەواوکردنی رێکارە یاساییەكان بەرامبەریان.
کۆی گشتی ئەو پارەو زێڕانەی تائێستا لەم دۆسیە فراوانە دەستیان بەسەردا گیراوە گەیشتووەتە؛ 295 ملیار دینار، 44.9 ملیۆن دۆلارو 484 کیلۆ زێڕ لەگەڵ ئۆتۆمبێل و خانو و موڵک و ماڵی دیکە.