دژەتیرۆری کوردستان: بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێم بە درۆنی بۆمبڕێژکراو کرایە ئامانج
پەرەگراف - دژەتیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، بارەگای نووسینگەی تایبەتی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر، بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کرانە ئامانج.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، هێرشەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی ئابی ٢٠٢٦، لە کاتژمێر ٠٠:٢٨، بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-١١٠) ئەنجام در اوە.
دژەتیرۆر دەشڵێت "درۆنەکان لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کراون، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە".
"ئەم هێرش و دەستدرێژییانە بە توندترین شێوە سەرکۆنە دەکەین و بە هیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین، تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە"، دژەتیرۆری کوردستا وا دەڵێت.