پەرەگراف - وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان گەیشتنی مووچەی مانگی حەوتی ڕاگەیاند، بەڵام دەڵێت، ١٢٠ ملیار دینارەکەی لێ بڕدراوە و سێ ملیار و ٣٢٦ ملیۆن دینار شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕاتبردووی خانەنشینانیش نەنێردراوە. ڕایشیدەگەیەنێت "لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوت دەکرێت".
دەقی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم:
تەمویلی مووچەی مانگی تەمموز خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: بڕی (٨٣٠,٧٨٢,٠٠٠,٠٠٠) هەشت سەد و سی ملیار و حەوت سەد و هەشتا و دوو ملیۆن دینار، وەک تەموویلی مووچەی مانگی تەمووزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی (١٢٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠) سەد و بیست ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵ لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تەمووز، لە کۆی گشتیی تەموویلی مووچەکە بڕیوە (کەمکردووەتەوە).
هاوکات، هەر لە چوارچێوەی تەموویلی مووچەی مانگی تەمووزدا، بڕی (٣,٣٢٦,٩٣١,٠٠٠) سێ ملیار و سێ سەد و بیست و شەش ملیۆن و نۆسەد و سی و یەک هەزار دینار نەنێردراوە، کە تایبەتە بە پڕکردنەوەی شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی لە هەرێمی کوردستان.
تێبینی؛ دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق ڕاستەوخۆ لیستی مووچە بڵاو دەکرێتەوەو لە نزیکترین کاتدا دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی تەمموز دەکرێت.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری