ئێران بێئاگایی لە هێرشەكەی سەر نووسینگەی مەسروور بارزانی دەردەبڕیت و بە تیرۆریستی ناوی دەبات

17-08-2026 10:05

پەرەگراف - وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشەکەی سەر نووسینگەی مەسروور بارزانی بە ‏‏ "پیلانگێڕی و کردەوەی تیرۆریستی" ناو دەبات. وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش دەڵێت "هیچ ‏پاساوێک بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی ناعەقڵانیی لەو شێوە بوونی نییە". ‏

هەریەک لە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ‏پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان دەربارەی هێرشەکە ئەنجام دا. بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ‏عێراق، عەباس عێراقچی "سەرسوڕمان" ـی خۆی لە ڕوودانی هێرشێکی لەو شێوەیە دەربڕیوە و ‏ڕایگەیاندووە کە "هیچ زانیارییەک" یان لەبەردەستدا نییە کە هێرشەکان لەناو خاکی ئێرانەوە ‏ئەنجام درابن

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەشڵێت "عێراقچی جەختی کردەوە هیچ پاساوێک بۆ کارێکی لەو ‏شێوەیە نییە، بەتایبەت لە سایەی ئەو پەیوەندییە ئەرێنی و پتەوانەی کە حکومەتی ئێران لەگەڵ ‏حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لەگەڵ هەردوو پارتە سەرەکییەکەی هەرێمدا هەیەتی".

لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، فوئاد حسێن داوای لە لایەنی ئێرانی کردووە هەڵوێستێکی فەرمی ‏دەربارەی ڕووداوەکە ڕابگەیەنن و تێیدا ڕوانگەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بەو هێرشە و ‏ئەو لایەن و هۆکارانەی لە پشتیەوەن، ڕوون بکەنەوە. ‏

دوای ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "عەباس ‏عێراقچی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختی لەسەر هۆشیاری بەرانبەر کردەوە ‏تیرۆریستیەکان کردەوە، لەوانەش هێرش بۆ سەر نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی ‏کوردستان و ئەو پیلانگێڕییانەی زیان بە برایەتیی نێوان هەردوو وڵات دەگەیەنن". ‏

دواتر لە نووسینێکدا لە سەکۆی ئێکس، عەباس عێراقچی ڕاتیگەیاند کە "هیچ پاساوێک بۆ ئەو ‏هێرشە ناعەقڵانییە بوونی نییە". دەشڵێت "ئامانجی ئەو ئۆپەراسیۆنە چەواشەکارانە، ‏دروستکردنی ناکۆکییە لەنێوان دراوسێکان. پێویستە دۆستە کوردەکانمان بەرانبەر تەڵە و فێڵەکان ‏هۆشیار بن". ‏