پەرەگراف - عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵا مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "سەرکۆنە" ـی هێرشە درۆنییەکەی دوێنێی کرد و بە "قبووڵنەکراو" وەسفی کرد.
مەسروور بارزانی دەڵێت "سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ، سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی تایبەتیمان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی کرد و وتی: ئەم هێرشانە بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نین".
هەروەها مەسروور بارزانی سوپاسی "پەیوەندی و بەدواداچوون" ـی عەلی زەیدیی بۆ هێرشەکە کردووە و دەڵێت "جەختمان لە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە".
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە پاش ئەوە هات کە ئێوارەی دوێنێ، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی کرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە، بۆ ئاشکراکردنی سەرچاوەی هێرشەکە و ئەو لایەنانەی لە پشتیەوەن. هەروەها ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە بۆ ڕایگشتی لە زووترین کاتدا.