بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی: زیانی ئاگرەکانی سلێمانی زیاتر لە حەوت ملیار دینار و ٣٢ بریندارە

18-08-2026 10:42

پەرەگراف - بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی زیانی ئاگرەکانی سلێمانی بە ‏‏ "زیاتر لە حەوت ملیار دینار و برینداربوونی ٣٢ کەس" ڕادەگەیەنێت. ‏دەشڵێت "بەداخەوە سەیفتی لە کوردستان نەک گرنگی پێ نادرێت، بەڵکو ‏لایەنەکانی چێککردنەوەی سەیفتی لە حکومەت و کەرتی تایبەت دژایەتیان ‏دەکرێت". ‏

شایی ئاوات، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی پارێزگای سلێمانی، هەر ‏سەبارەت بە زیانەکان دەڵێت "ئەمە جگە لەو زیانە زۆرەی بە ژینگە و ‏هەوای سلێمانی گەیشتووە، کە ئەگەر لایەنە ماددییەکە بە تێپەڕینی کات ‏قەرەبوو بکرێتەوە، زیانەکانی ژینگە درێژخایەنە و قەرەبوو ناکرێتەوە".

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی پێشنیاز بۆ قوباد تاڵەبانی، ‏جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەکات کە بە قسەی ئەو "وەک ‏خەمخۆری ژینگە ناسراوە"، بە فەرمانێک "بڕیاری کاراکردنی سستمەکانی ‏سەیفتی بدات و کۆمپانیا خاوەن مۆڵەتەکانی چێککردنەوەی سەیفتی و ‏کەرتی حکومی پەیوەندیدار ڕاسپێرێت بەبێ جیاوازی چێککردنەوەی ورد ‏دەست پێ بکەن و خاتری کەس نەگرن". ‏

لەماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا دوو ئاگری گەورە لە سلێمانی کەوتنەوە، ‏کە هەردووکیان لە سووتەمەنیدا بوو. ئاگری یەکەم سووتانی کۆگایەکی ‏سووتەمەنی لە ناوچەی تانجەرۆ بوو و بەهۆیەوە زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر ‏بەنزین و گاز سووتا. بەپێی ئاماری بەرگریی شارستانیش "٢٢" کەس ‏بریندار بوون. ئاگری دووەمیش سووتانی تانکەرێک بوو لە کاتی خاڵیکردنی ‏بەنزیندا لەناو بینای پارێزگای سلێمانی. جگە لە زیانی ماددی، هیچ ‏زیانێکی گیانی ڕانەگەیەندرا. ‏