قالیباف: موقاوەمە ڕەگەزێکی هێزی عێراقە و ئەمریکا بەدوای دەرچەیەکی سەربەرزانە بۆ چوونە دەرەوە دەگەڕێت
پەرەگراف - محەمەدباقر قالیباف لە یەکەم پەیامیدا لە بەغداد ڕایگەیاند "موقاوەمە لە عێراق یەکێک لە ڕەگەزەکانی هێزی ئەم وڵاتەیە". دەشڵێت "لە سیستەمی نوێی ناوچەکەدا، دەستوەردانی هێزە بیانییەکان لە هاوکێشەکانی نێوان دەوڵەتان، بە خێرایی ڕوو لە پاشەکشەیە و ئەمریکا بەدوای دەرچەیەکی سەربەرزانەدا دەگەڕێت بۆ چوونە دەرەوە".
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەگەڵ گەیشتنی بە بەغداد، لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا لە شوێنی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ئەنجام دا، کە ئاماژەیە بۆ پاڵپشتیی بەردەوامی ئێران لە بەرەی موقاوەمە.
قالیباف لە بەشێکی قسەکانیدا پرسیی "ئایا ئەم تیرۆرکردنە (کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی) ڕێگریی لە هێز و هەیمەنەی مقاوەمە کرد؟ ". هەر خۆی لە وەڵامدا وتی "ئەگەر تەماشایەکی ناوچەکە بکەیت، دەزانیت کێ لە سەرکەوتندایە".
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بە بەرگری و موقاوەمەی وڵاتەکەی لەبەرانبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و وتیشی "بە تێپەڕینی ساڵان، وتاری موقاوەمە سنوورەکانی ئێران و عێراق و ناوچەکەی تێپەڕاندووە و بووە بە حیهانی".
سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکەیشی بۆ بەغداد، وتی "سەفەری ئەمڕۆمان بۆ عێراق لە چوارچێوەی بەهێزکردنی سیستەمی نوێی ناوچەکە و خێراکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەموو وڵاتانی ناوچەکەیە بەبێ دەستوەردانی دەرەکی".
دواتریش محەمەدباقر قالیباف لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیی "لە سیستەمی نوێی ناوچەکەدا، دەستوەردانی هێزە بیانییەکان لە هاوکێشەکانی نێوان دەوڵەتان بە خێرایی ڕوو لە کەمبوونەوە و پاشەکشەیە. ئەمریکا بەدوای دەرچەیەکی سەربەرزانەدا دەگەڕێت بۆ چوونە دەرەوە لە ناوچەکە. پڕۆژەی (لە ڕووبارەوە تا دەریا) ـی قەوارەی زایۆنیستیش (ئیسرائیل) تەنیا بووەتە خەونێکی پووچ". "ئەبوو مەهدی و قاسمی ئازیز، بەری جیهاد و خوێنی پڕ بەرەکەتتان ببینن. ئەوە بزانن کە ئێمە و هەموو هاوبیرانتان لە ئێران و عێراق تا بە ئەنجام گەیاندنی ئامانجەکانی ئێوە ناوەستن. ئامادەین گیان و ماڵ و ئابڕووی خۆمان لەم ڕێگە پیرۆزەدا بەخت بکەین"، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وای وت.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا، قالیباف جەختی لەسەر دراوسێیەتی و پەیوەندیی دێرینی نێوان ئێران و عێراق لەسەر بنەمای "هاوچارەنووسی" کردەوە و وتی "لەم سەفەرەدا هەنگاوی گەورە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی هاوبەش و خۆشگوزەرانیی گەلانی هەردوولا دەنێین".