دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان هۆشداری دەداتە بەکارهێنەرانی کۆڕەک تیلیکۆم و دەڵێت: ژمارەی یەدەگ زیاد بکەن

19-08-2026 08:36
پەرەگراف - دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق لە ڕێگەی ئاگادارییەکی فەرمییەوە داوا لە بەکارهێنەرانی تۆڕی مۆبایلی کۆڕەک تیلیکۆم دەکات بەپەلە ژمارەیەکی پەیوەندیی بەدیل (یەدەگ) بۆ ئەژمارە دیجیتاڵییەکانیان زیاد بکەن، پێش ئەوەی خزمەتگوزاریی ناردنی کورتەپەیامی پشتڕاستکردنەوە (SMS Verification) بۆ ژمارەکانی کۆڕەک بە تەواوی ڕابگیرێت. ئەم بڕیارە نوێیە وەک هەنگاوێکی ترە لە پرۆسەی ڕاگرتنی کارکردنی کۆمپانیاکە لە عێراق.

لە بڕیارێکدا کە بە ژمارە ٨٩ لە ڕێکەوتی ١٩ی ئابدا دەرچووە، دەستەکە داوا لە سەرجەم بەکارهێنەرانی سیمکارتەکانی کۆڕەک دەکات کە ژمارەکانیان بۆ چوونەژوورەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سەکۆ دیجیتاڵییەکان و خزمەتگوزارییە بانکی و ئەلیکترۆنییەکان بەکاردێنن، ڕێکاری پێشوەختە بگرنە بەر بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی دەستڕاگەیشتنیان بە ئەژمارەکانیان.

دەستەکە لە بڕیارنامەکەیدا پێنج ڕێنمایی سەرەکی ئاراستەی بەشداربووان کردووە:

  • بۆ ئەو بەرنامانەی ڕێگە بە زیاتر لە ژمارەیەک دەدەن: زیادکردنی ژمارەیەکی تری مۆبایل لەسەر بە یەکێک لە کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکانی تری عێراق لە پاڵ ژمارەکەی کۆڕەک، تا بشێت بۆ وەرگرتنی کۆدی پشتڕاستکردنەوە و گەڕاندنەوەی ئەژمارەکان پشتی پێ ببەسترێت.
  • بۆ ئەو بەرنامانەی تەنیا ڕێگە بە یەک ژمارە دەدەن: گواستنەوە و نوێکردنەوەی ژمارەی پشتڕاستکردنەوەکە بۆ سەر ژمارەیەکی سەر بە ئاسیاسێڵ یان زەین عێراق—کە دەستەکە ئاماژەی پێ کردووە تەنیا ئەم دوو کۆمپانیایە ئێستا مۆڵەتپێدراون بۆ ئەم مەبەستە—لەگەڵ هێشتنەوەی ژمارەکەی کۆڕەک لە شوێنی خۆی تا ئەو شوێنەی گونجاو بێت.
  • ڕێگەکانی تری پشتڕاستکردنەوە: چالاککردنی ئامرازە بەدیلەکان وەک بەکارهێنانی ئیمەیڵ (Email) یان بەرنامەکانی تری پشتڕاستکردنەوە، بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە کورتەپەیامی دەقی (SMS).
  • پەلەکردن لە ڕێکارەکان: داواکراوە بەشداربووان چاوەڕێ نەکەن تا ناردنی کورتەپەیام بە تەواوی دەوەستێت، بەڵکو دەستبەجێ ئەم ڕێکارانە ئەنجام بدەن تا لە داهاتوودا ئاستەنگ بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئەژمارەکانیان دروست نەبێت.
  • دڵنیابوونەوە لە چالاکبوون: جەختکراوەتەوە لە دڵنیابوونەوە لە سەرکەوتوویی زیادکردن یان نوێکردنەوەی ژمارە هاوشانەکە لەسەر ئەژمارە گرنگەکان و بەکارهێنانی کرداریی لە پرۆسەکانی چوونەژوورەوەدا. دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم ڕێکارانە بە مانای داواکردن بۆ ڕاگرتنی ژمارە ئێستاکان نایەت، بەڵکو مەبەست لێی پاراستنی ماف و زانیاری بەکارهێنەرانە. ئەم بەڵگەنامەیە لەلایەن بەلیخ میساق ئەبو کەلال، سەرۆکی ئامێری جێبەجێکار لە دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن ئیمزا کراوە.

پاشخانی کێشەکە: ململانێی یاسایی و ڕاگرتنی تۆڕەکە

ئەم هەنگاوەی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن بەردەوامی پرۆسەیەکە کە لە ٩ی ئابەوە دەستی پێکردووە بۆ داخستنی تەواوەتی تۆڕی کورەک. دەستەکە ڕایگەیاندبوو بەهۆی بەسەرچوونی گرێبەستی کۆمپانیاکە و هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ڕێکخستنەوە (لە ئەنجامی جێبەجێ نەکردنی پابەندبوونی دارایی و یاساییەکان لەلایەن کورەکەوە)، ڕێکارەکانی بەستنی تەواوی سیستەم، ئامێر و تاوەرەکانی کورەک دەستی پێکردووە و دەست بەسەر سەروەت و سامانەکەیدا گیراوە.

لە بەرامبەردا، کۆمپانیای کورەک تێلیکۆم هەمان ڕۆژ تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە و بەلیخ میساق ئەبو کەلالی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکەی نەبووە، چونکە ڕێککەوتنەکە لەلایەن دەسەڵاتە باڵاکانی دەوڵەتەوە پەسەند کرابوو. کورەک ئەم هەنگاوانەی بە "سەرەڕۆیانە" ناودێر کرد بۆ دەرکردنیان لە بازاڕ و داوای لە سەرۆک وەزیران عەلی فالح الزیدی کرد دەستوەردان بکات، هاوکات ڕایگەیاند لە ڕێگەی دادگاوە بەدواداچوون بۆ کێشەکە دەکات.

تاوەکو ئێستا دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن بەروارێکی تەواو و دیاریکراوی بۆ بڕینی یەکجاری تۆڕەکە یان ڕاگرتنی تەواوەتی پەیامەکانی پشتڕاستکردنەوە ڕانەگەیاندووە.