سوپای پاسداران: بێسەروشوێنكردنی فڕۆكەكە پەیامێكی ڕوون و ڕاشكاوانە بوو

20-06-2019 12:41

پەرەگراف

فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند: بێسەروشوێنكردنی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكە، پەیامێكی ڕوون و ڕاشكاوانە بوو. دەشڵێت: میللـەتی ئێران گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریكا ڕەتدەكاتەوە.

حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران، خستنە خوارەوەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانە ئەمریكییەكەی بە "شێوازی مامەڵەی میللـەتی ئێران لە بەرانبەر دوژمنەكانی" ناو برد و وتی "بێسەروشوێنكردنی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكە، پەیامێكی ڕوون و ڕاشكاوانە بوو كە پارێزەرانی سنوورەكانی ئێران لە بەرانبەر دەستدرێژیی هەر بێگانەیەك كاردانەوەی یەكلاكەروەیان دەبێت".

سەلامی ئاماژەی بەوە كرد "گفتوگۆ لەژێر فشار و دۆخێكی نابەرانبەردا، تەسلیمبوونە، بۆیە میللـەتی ئێران بە ڕەهایی گفتوگۆ ڕەتدەكاتەوە".

فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران وتیشی "ئێمە ڕایدەگەیەنین ویستی شەڕكردن لەگەڵ هیچ وڵاتێكمان نییە، بەڵام بە تەواوی بۆ شەڕ ئامادەین، ڕووداوەكەی ئەمڕۆیش نیشانەیەكی ڕوون بوو لەوبارەیەوە".

بەیانیی ئەمڕۆ هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە پارێزگای هورمزگانی باشووری ئێران، فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی هێزی ئاسمانیی ئەمریكایان لە جۆری ئاڕ كیو-4 گڵۆباڵ هاوك بێسەروشوێن كردووە.

نرخی ئەو فڕۆكەیەی خراوەتە خوارەوە 120 ملیۆن دۆلارە.

سوپای پاسداران دەڵێت "فڕۆكەكە لەسەر ئاسمانی شاری كوهموبارەكی سەر بە پارێزگای هورمزگان كە دەڕوانێت بەسەر كەنداوی عوماندا، خراوەتە خوارەوە".

ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەكی سەربازیی ئەمریكاوە خستنە خوارەوەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانە ئەمریكییەكەی پشتڕاست كردووەتەوە، بەڵام سەرچاوەكە ڕەتی كردووەتەوە لەسەر ئاسمانی ئێران كرابێتە ئامانج.

ئەو بەرپرسەی ئەمریكا دەڵێت "فڕۆكەكە لە ئاسمانی گەرووی هورمز لە سنوورە نێودەوڵەتییەكاندا كراوەتە ئامانج".

ئێران دەڵێت فڕۆكەكەی لە ڕێگەی (سیستمی بەرگریی مووشەكیی سێی خورداد)ـەوە خستووەتە خوارەوە.

سیستمی بەرگریی مووشەكیی سێی خورداد ساڵی 2014 لەلایەن ئێرانە دروست كراوە. سیستمەكە هەڵگری مووشەكی مامناوەندە و دەتوانێت لە بەرزیی 25 كیلۆمەتردا ئامانج بپێكێت. لە یەك كاتدا توانای هاویشتنی هەشت مووشەك و پێكانی چوار ئامانجی هەیە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیا ئێرانییەكان لەسەر سیستمە بەرگرییەكە بڵاویان كردووەتەوە، توانای ڕووبەڕووبوونەوەی جۆرە جیاوازەكانی فڕۆكە و مووشەكی كرووزی هەیە. پاش بەرهەمهێنانیشی تاران خۆی بە تاكە وڵاتی ڕۆژئاوای ئاسیا ناوبردووە كە توانیویەتی لە دروستكردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیدا پێشكەوتنی بەرچاو بەدەست بهێنێت.

هاوكات بیل ئوربان، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا (سێنتكام) ئامادە نەبووە لەسەر ڕووداوەكە هیچ قسەیەك بكات، بەڵام ڕایگەیاندووە "هیچ فڕۆكەیەكی ئەمریكا لە كاتژمێرەكانی ڕابردوودا لە سنووری ئاسمانی ئێراندا نەفڕیوە".

میدیا ئێرانییەكان ڕوونكردنەوەی زیاتریان لەبارەی ئەو ناوچەیەوە داوە كە سوپای پاسداران دەڵێت فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكەی تێدا خستووەتە خوارەوە.

كوهموبارەك، شارۆچكەیەكی سەر بە پارێزگای هورمزگانە لە باشووری ئێران، دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی پارێزگاكەوە. شارۆچكەكە لە بەشی بیابانیی ناوچەی جاسك و كەناری دەریای عومان هەڵكەوتووە.

كوهموبارەك لە دەكەوێتە ئەو ناوچەیەی كە دەریای عومان دەڕژێتە نێو گەرووی هورمزەوە. هەر كەشتییەك بیەوێت لە دەریای عومانەوە بچێتە نێو گەرووی هورمز، دەبێت بەو ناوچەیەدا تێپەرێت.